لۆپیتیگێ داهاتووی لوکا مۆدریچ یەکلاییدەکاتەوە

رووداو-هەولێر 

یولیان لۆپیتێگێی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، داهاتووی لوکا مۆدریچی ئەستێرەی یانەکەی یەکلاییکردووەتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا یاریزانە کرواتییەکە دەگەڕێتەوە نێو مەشقە و راهێنانەکانی ریال مەدرید.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان، لۆپیتێگێی راهێنەری ریال مەدرید سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی کۆتاییپێهێنا کە باس لە چوونی مۆدریچ دەکەن بۆ ئینتەرمیلان و مانەوەی ئەو یاریزانەی لە لۆس گالاکتیکۆسدا راگەیاند.

یولیان دەڵێت، مۆدریچ یاریزانێکی بێوێنە و سەرسوڕهێنەرە، من ئەو یاریزانەم خۆشدەوێت و دەمەوێت لەگەڵماندا بەردەوامبێت، هەروەها قسەشم لەگەڵیدا کردووە و دەیەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە ریال مەدریددا بمێنێتەوە.

راهێنەرە ئیسپانییەکە راشیگەیاند، رۆژی هەشتی ئەم مانگە کە دەکاتە چوارشەممەی داهاتوو مۆدریچ دەگەڕێتەوە نێو راهێنانەکانی ریال مەدرید، بەڵام ناتوانێت بەشداری لە جامی سوپەری ئەوروپادا بکات بەرامبەر یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کە لە رۆژی 15ـی ئەم مانگە لە ئیستۆنیا بەڕێوەدەچێت.