کچ و کوڕێکی کورد لە پاڵەوانێتییەکدا لە بەغدا بوونە پاڵەوان

05-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یاریزانی یانەی شێروانە لە پاڵەوانێتیی لاوان بۆ یاریی "موای تای،" کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، مێدالیای زێڕیان بەدەستهێنا و بوونە پاڵەوان. بەرپرسێک لە یانەکە داوا دەکات پشتگیریی یاریزانانی یارییەکان بکرێت.
 
عەبدولڕەحمان عوسمان، تەمەنی 13 ساڵە و لە کێشی 36 کیلۆگرامیدا توانی مێدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوانی عێراق لە کێشەکەی خۆیدا؛ کچێکی 11 ساڵیش بەناوی بەهەشت دڵشاد، لە کێشی 30 کیلۆگرامیدا توانیی ببێتە پاڵەوانی عێراق و مێدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت.
 
هەردوو یاریزانەکە دانیشتووی قەزای کەلارن لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و یاریزانی یانەی وەرزشیی شێروانەن.
 
هەردی جەلال، بەرپرسی راگەیاندنی یانەکە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یانەکەمان جگە لە تۆپی پێ، لە خوول و پاڵەوانێتییەکانی یارییەکانی موای تای، باسکە و بالە بەشداری دەکات، بەڵام جگە لە تۆپی پێ، هیچ هاوکارییەکی یانەکە و یاریزانانی یارییەکانی دیکە ناکرێت."
 
هەردی جەلال داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بایەخ بە هەموو یارییەکانی دیکە بدات و پشتیوانیی یاریزانەکان بکات، بۆئەوەی ناسناوی زیاتر بۆ کوردستان بەدەستبهێنن.
 
یاریی "موای تای،" جۆرێکە لە یاریی بۆکسێن، بەڵام یاریزانان لەم یارییەدا دەتوانن هەشت پەل بەکاربهێنن، لەوانە، دەست و پێ، ئەژنۆ و ئەنیشک.
 
پاڵەوانێتیی "موای تای،" کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، دوێنێ دەستیپێکردووە و 48 یانەی عێراق بە زیاتر لە 450 یاریزانەوە تێیدا بەشدارن و بڕیارە چەند رۆژێک بخایێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە