رۆناڵدۆ بە ئاماری خراپەوە رووبەڕووی ئێمباپێ و فەرەنسا دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یۆرۆی 2024 یارییەکی مێژوویی بەخۆیەوە دەبینێت، دوو ئەستێرەی بەنێوبانگی جیهان رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کیلیان ئێمباپێ سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات و دەیەوێت رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆی نموونەی باڵای ببێتەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
فەرەنسا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بەبێ هیچ کێشەیەک ئەنجامداوە، تەواوی پێکهاتەی دیدێ دیشام بۆ یارییەکە ئامادەیە، جگە لە ئەدریان رابیۆ کە بەهۆی وەرگرتنی کارتە زەردەکانەوە یاری ناکات، کیلیان ئێمباپێ چاوی لەوەیە ئەمە یاریی دەرکەوتنی ئەو بێت، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا تەنیا یەک گۆڵی لە رکابەرییەکەدا تۆمارکردووە و ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێش نەکردووە.
 
لە بەرامبەردا کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەشێوەیەکی زەحمەت لە سلۆڤینیایان بردەوە و گەیشتنە ئەم قۆناخە، دەیەوێت گرێی تۆمارکردنی گۆڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا بکاتەوە و نایەوێت کاروانەکەی لەم گەشتە کیشوەرییەدا کۆتایی بێت.
 
پۆرتوگال هیچ کێشەیەکی لەسەر ئاستی یاریزانان نییە، هەموو پێکهاتەکە بۆ یارییەکی سەرنجڕاکێش ئامادەیە و دەیەوێت ئەوەی دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی ئەوان بن.
 
فەرەنسا و پۆرتوگال لەکاتێکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵکاری مێژووی یۆرۆ، تاوەکو ئێستا لەم پاڵەوانێتییەدا هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە و نایەوێت بەبێ گۆڵ تۆمارکردن ماڵئاوایی بکات.
 
کیلیان ئێمباپێ، لەم یۆرۆوەدا بۆ یەکەمجار لە پاڵەوانێتییەکەدا گۆڵی تۆمارکرد و تەنیا یەک گۆڵی هەیە، بەڵام هێشتا ئەو ئاستەی پێشکێش نەکردووە کە هاندەرانی فەرەنسا چاوەڕێی دەکەن.
 
پۆرتوگال و فەرەنسا، پێشتر یەک یارییان لە رۆژی هەینیدا ئەنجامداوە، ئەویش یارییەکی دۆستانە بووە و فەرەنسا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
رۆناڵدۆ بەرامبەر فەرەنسا 7 یاریی ئەنجامداوە، تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 2 گۆڵی بەرامبەر هەڵبژاردەکە تۆمارکردووە، هەردوو گۆڵەکەشی بەلێدانی سزا بووە.