لێدوانی فەرمیی ناسر خلێفی لەبارەی داهاتووی ئێمباپێ

05-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ناسر خلێفی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، باس لە داهاتووی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکەی دەکات و دەڵێت "مەحاڵە یاریزانێکی وەک ئێمباپێ بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات."
 
سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ناساندنی لویس ئێنریکێ، وەک راهێنەری یانەکەی گوتی "ئێمە دەمانەوێت ئێمباپێ لەگەڵ ئێمە بەردەوامبێت، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، بەڵام بۆ ئەوەی بمێنێتەوە پێویستە گرێبەستێکی نوێ واژۆبکات، ئێمە رێگەنادەین یەکێک باشترین یاریزانی جیهان بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات، دەمەوێت بە روونی قسەبکەم و لە هەموو بۆنەکاندا دووبارەیان نەکەمەوە."
 
ناسر خلێفی زیاتر لەبارەی هێرشبەرە فەرەنسییەکەوە قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "پێشتریش ئێمباپێ رایگەیاندووە بێبەرامبەر لە یانەکە ناڕوات، ئێستا هیچ گونجاو نییە بێبەرامبەر دەستبەرداری یەکێک لەباشترین یاریزانەکانی جیهان ببین، ئەگەر ئەو دەیەوێت بمێنێتەوە، ئێمەش دەمانەوێت، بەڵام پێویستە گرێبەستەکەی نوێبکەینەوە، بەڵام ئەگەری بیروڕای گۆڕابێت، ئەوە خەتای ئەوە و خەتای من نییە."
 
قسەکانی سەرۆکی پاریس سانجێرمان لەکاتێکدان، گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ، لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت و لە گرێبەستەکەیدا بەندێک هەیە رێگە بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ساڵێکی دیکە دەدات، بەڵام یاریزانەکە بە یانەکەی گوتووە "کار بەو بەندەی گرێبەستەکەم ناکەم و دەمەوێت لە یانەکە بڕۆم."
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی کیلیان ئێمباپێ، بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پاریس سانجێرمان ئامادەنییە بە کەمتر لە 180 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە