لە ریمۆنتادا مێژووییەکەوە بۆ راهێنەرایەتیی پاریس سانجێرمان

05-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لویس ئێنریکێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەشێوەیەکی فەرمی، لویس ئێنریکێ، راهێنەری ئیسپانیی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی راگەیاند.

پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، دوای چەند کاژێرێکی کەم لە دوورخستنەوەی کریستۆڤ گالتێ، لویس ئێنریکێی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەبوو و بەیەکەوە لەگەڵ ئێنریکێ، درێسی یانەی پاریس سانجێرمانیان بەرزکردەوە و گرێبەستی راهێنەرە ئیسپانییەکە لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە تاوەکو ساڵی 2025 دەبێت.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پرسیار لەبارەی کیلیان ئێمباپێ لە لویس ئێنریکێ کرا، راهێنەرە ئیسپانییەکە گوتی "لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی پێکهاتەکەوە کردووە، دەکرێت پێکهاتەکە گۆڕانکاریی بەسەردابێت، هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە و ئەوە بەنهێنی دەمێنێتەوە."
 
ئێنریکێ زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و دەڵێت "ناتوانم بەدیاریکراوی پێتان بڵێم کە چی بە من گوتراوە، بەڵام بڕیارە تیپێکی بەهێز دروستبکەین."
 
لویس ئێنریکێ تەمەنی 53 ساڵە، 15 ساڵە کاری راهێنەرایەتیی دەکات، لە ساڵی 2008 لە تیپی دووەمی بارسێلۆنا دەستیپێکرد، دوای ئەوە لە 2011 بۆ 2012 راهێنەرایەتیی یانەی رۆمای کردووە.
 
لە 2013 و 2014 راهێنەری یانەی سێلتا ڤیگۆی ئیسپانی بوو، دوای ئەوە لە 2014 تاوەکو 2017 راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بووە، لەو ماوەیە ریمۆنتادا مێژووییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر پاریس سانجێرمان تۆمارکرا.
 
ئێنریکێ لە دوو ماوەی جیاوازدا لە 2018 تاوەکو 2019 و 2019 تاوەکو 2022 راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کردووە، دوای یارییەکانی مۆندیالی 2022 وازهێنانی لە کارەکەی راگەیاند.
 
لویس ئێنریکێ وەک راهێنەر 9 نازناوی جیاوازی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بردووەتەوە، دیارترینیان نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2014-2015 بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە