ڤیدیۆ؛ راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دەستنیشانکرا

05-07-2023
ئیحسان تاهیر
فێرناندۆ دینیز بووە راهێنەری بەرازیل
فێرناندۆ دینیز بووە راهێنەری بەرازیل
نیشانەکردن فێرناندۆ دینیز هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، فێرناندۆ دینیزی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتمانی بۆ ماوەی 12 مانگ دەستنیشانکرد، تا ئەوکاتەی گرێبەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تەواو دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەمیشەیی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەرازیل.
 
دینیز تەمەن 49 ساڵ، سەرپەرشتی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەکات جگە لە کاری ئێستای وەک راهێنەری تیپی فلۆمینێنسی. دینیز شوێنی رامۆن مێنزێس دەگرێتەوە، کە ئەمساڵ لە ژمارەیەک یاریی دۆستانەدا سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەرازیلی کرد.
 
پۆستی راهێنەری بەرازیل بە بەتاڵی ماویەوە، دوای ئەوەی تیتی، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی سامبا پۆستەکەی جێهێشت، دوای دۆڕانی بەرازیل بە کرواتیا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی 2022 کە لە قەتەر بەڕێوەچوو.
 
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ساز بکات و تێیدا دینیز وەک راهێنەری کاتی سامبا بناسێنێت، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەوایان بەدڵە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێدناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، رایگەیاند، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەر لە کۆپا ئەمریکای 2024 دەبێتە راهێنەری هەمیشەیی هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
فێرناندۆ دینیز، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل، لەو بارەیەوە گوتی "خەونی هەر کەسێکە ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، شانازییە خزمەت بە هەڵبژاردەی نیشتمانی بکەم، بانگهێشتکرام. بەشێوەیەکی تایبەت و دوای هەوڵێکی هاوبەش لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل و فلۆمینێنسیەوە ئەوە روویدا، پێموایە هەموو شتێکی پێویستمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بتوانین لەو ئەرکەدا سه‌ركه‌وتن بەدەستبهێنین".
 
ئێدناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلیش، لەو بارەیەوە گوتی "فێرناندۆ دینیز بۆ ماوەی ساڵێک دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، دڵنیام راهێنەرێکی لێهاتوو و ناوازە دەبێت، وەک چۆن لە ماوەی ژیانی پیشەگەریدا هەمیشە وابووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە