فەرمی.. گالتێ دوورخرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری یانەکەی لە کارەکەی راگەیاند.
 
پاریس سانجێرمان، لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی نووسیوویەتی " لە کۆتایی ساڵی دارایی 2022-2023ـدا هەریەکە لە پاریس سانجێرمان و کریستۆڤ گالتێ، بڕیارییاندا کۆتایی بە گرێبەستی نێوانیان بهێنن."
 
پاریس سانجێرمان لە راگەیێنراوەکەیدا سوپاسی کارکردنی کریستۆڤ گالتێ لەگەڵ یانەکەی دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە قۆناخی داهاتووی کارکردنیدا.
 
گالتێ لە 5ـی 7ـی 2022 پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و دوو نازناوی لە ماوەی راهێنەرایەتیی یانەکەدا بردەوە، کە نازناوێکی خولی فەرەنسا و نازناوێکی جامی سوپەری فەرەنسا بوو.
 
راهێنەرە فەرەنسییەکە لەماوەی کارکردنیدا وەک راهێنەری پاریس سانجێرمان 50 یاریی ئەنجامدا، 34 یاریی بردەوە، لە 6 یارییدا یەکسانبوو و 10 یارییشی دۆڕاند، رێژەی بردنەوەکانی لەگەڵ یانەکە 68٪ بوو.
 
جگە لە کریستۆڤ گالتێ، لەگەڵ راهێنەرەکە هەریەکە لە تیێری ئولیکسیاک و جواو ساکرامێنتۆی یاریدەدەریشی لە کارەکانیان دوورخرانەوە و پاریس سانجێرمان هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.