ڤیدیۆ؛ یاسپەر دووەم رۆژ بەسەریەکەوە بووە یەکەمی تور دێ فرانس
رووداو دیجیتاڵ
تور دێ فرانس تا دێت رکابەرییەکانی بەهێزتر دەبن و لە چوارەم رۆژیدا رکابەرییەکانی بەردەوام بوون و جارێکی دیکە و بۆ دووەم رۆژ بەسەریەکەوە یاسپەر فیلیپسۆنی پایسکیلسواری بەلجیکی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
پاسکیلسوارە بەلجیکییەکە، دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێنا دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە گەڕی چوارەمی گەشتەکەی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
ئەمجارەش یاسپەر رووبەڕووی رکابەرییەکی بەهێز بووەوە لە لایەن فیل باوهاوس و کالێب ئیوانەوە، کە هەر ئەوان پلەی دووەم و سێیەمیان بەرکەوت، بەڵام لەم گەڕەدا کالێب ئیوانی پایسکیلسواری ئوسترالی دووەم و فیل باوهاوسی پایسکیلسواری ئەڵمانی سێیەم بوون.
ماوەی پێشبڕکێی ئەم گەڕە نزیکەی سەد و هەشتا و دوو کیلۆمەتر بوو، کە لە نێوان داکس و نۆگۆرۆ بوو لە فەرەنسا. کە یاسپەر ماوەی چوار کاژێر و بیست و پێنج خولەک و بیست و هەشت چرکەی پێویست بوو بۆ ئەوەی تەواوی بکات.
کالێب ئیوان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و پلەی سێیەمیش بۆ فیل باوهاوس بوو.
سەرەڕای ئەنجامەکانی گەڕی چوارەم، پایسکیلسواری بەریتانی، ئادەم یەتس لە ریزبەندیی گشتیدا پێشەنگی خۆی پاراست و شەش چرکە پێش تادی بۆگاچارە، کە دووجار نازناوی پێشبڕکێی سلۆڤینیای بەدەستهێناوە و سیمۆن یەتس برای ئادەم یەتس لە پلەی سێیەمدا مایەوە.
گەڕی پێنجەمی گەشتەکە رۆژی چوارشەممە بۆ ماوەی نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە نێوان پاو و لارۆنسدا بەردەوام دەبێت و کە ناوچەیەکی شاخاوی سەختی تێدایە، کە بۆ ماوەی 15 کیلۆمەتر تاوەکو دەگەنە لووتکەی بارزایی کۆل دی سودی بەردەوام دەبێت.