فەرمی.. بارسێلۆنا گرێبەستێکی دیکەی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئینیگۆ مارتینێز، بەرگریکاری ئیسپانیی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
بارسێلۆنا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ یاریزانەکە راگەیاند، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 دەبێت.
 
گواستنەوەی ئینیگۆ بۆ بارسێلۆنا بەشێوەیەکی بێبەرامبەرە، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیک بیلباو کۆتاییهات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە 400 ملیۆن یۆرۆیە.
 
گرێبەستی ئینیگۆ مارتینێز، دووەم گرێبەستی گواستنەوەی ئەم هاوینەیە بۆ یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی گرێبەستێکی بێبەرامبەر لەگەڵ ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی واژۆکرد.