بالۆتێلی زۆر نزیکە لە خولی تورکیا

رووداو دیجیتال

مورات سەنجاک، سەرۆکی یانەی ئەدەنەسپۆری تورکی، کە ئەمساڵ گەیشتووەتە خولی پلە یەکی تورکیا، دووپاتیکردەوە کە زۆر نزیکن لە گرێبەستکردن لەگەڵ ماریۆ بالۆتێلیی یاریزانی ئیتاڵی.

بالۆتێلی ئێستا یاریزانێکی ئازادە، دوای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مۆنزا کۆتاییهات، کە 6 مانگ یاری بۆ ئەوە یانەیەی خولی پلە دووەکانی ئیتاڵیا کرد.

سەرۆکی یانەی ئەدەنەسپۆری تورکی، کە یەکێکە لە سەرمایەدارە بەنێوبانگەکانی تورکیا، دووپاتیکردەوە کە بالۆتێلی دەیەوێت پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەیەوە بکات و گوتیشی ئەوانیش دەیانەوێت بالۆتێلی بێننە ریزەکانی یانەکەیان.

سەنجاک، بە میدیاکانی تورکیای گوت "ئێمە لەگەڵ بالۆتێلی گەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی، با بڵێین ئێمە بە رێژەی 85٪ لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ بالۆتێلی رێککەوتووین".

ئەو لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتی "ماریۆ بە ئێمەی گوتووە دەیەوێت یاری بۆ یانەکەمان بکات، ئەو هەفتەی داهاتوو دێتە تورکیا، ئەگەر لەگەڵیدا رێککەوتین، درێسی یانەکەمان لەبەردەکات".

سەنجاک زیاتر گوتی "ماریۆ دەیەوێت لەگەڵ یانەکەماندا سەرکەوتوو بێت و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەشداری لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا بکات".

ماریۆ بالۆتێلی لە هاوینی 2020 گەڕایەوە ئیتاڵیا، لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ یانەی بریشیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیانتوانی بگەنە خولی پلە یەکەکانی ئیتاڵیا، دواتر ماوەی 6 مانگ بەبێ یانە مایەوە بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی مانزۆ، ئینجا جارێکی دیکە بەبێ یانە مایەوە".