هەواڵێک بۆ هاندەرانی یانەی ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا و رکابەرییەکانی دیکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و کیشوەری دەستپێدەکات.

یانەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " بەیانی رۆژی سێشەممە یاریزانەکان پشکنینی هەڕەمەکی بۆ یاریزانەکانی ئەنجامدەدرێت و کاژێر 19:00 یەکەم مەشق و راهێنانی یانەکە لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەکرێت ".

لە راگەیێندراوەکەوەی یانەی ریال مەدریددا هاتووە " ریال مەدرید ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی 2022-2021 دەستپێدەکات و بەسەرکردایەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەگەڕێتەوە".

کارلۆ ئەنچیلۆتی دوای رۆیشتنی زینەدین زیدان وەک راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید دەستنیشانکرا، بە ئامانجی ئەوەی لە وەرزی نوێدا تیپێکی رکابەر بۆ بردنەوەی نازناوەکان ئامادەبکات.

یانەی شاهانە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک گرێبەستی ئەنجامداوە، دوای ئەوەی دەیڤد ئالابا، ئەستێرەی نەمسایی و یانەی بایرن میونشنی بێبەرامبەر گواستەوە ریزەکانی.

چاوەڕواندەکرێت لە دەستپێکی ئامادەکارییەکانی یانەی ریال مەدریددا بەشێکی کەمی یاریزانان ئامادەببن، لەکاتێکدا زۆربەی یاریزانەکانی بەشدارییان لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا کرد و هەریەکە لە کاسیمێرۆ، ئیدێر میلیتاو و ڤینیسیۆس جونیۆریش لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکادان.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید بیر لە رێکخستنی سێ یاریی دۆستانە لەگەڵ سێ یانەی گەورەی ئەوروپا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆرباش بۆ دەستپێکی وەرز ئامادەبێت.