پێش قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیال: لە کاتانیچەوە بۆ هەموو عێراق

05-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سریچکۆ کاتانیچ هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتال

دواجار سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری سلۆڤینیی هەڵبژاردەی عێراق قسەی لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی عێراق کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە نەماوە.

ماوەیەکە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان سریچکۆ کاتانیچ و یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی ئەوەی کە یەکێتییەکە 6 مانگە مووچەی راهێنەری سلۆڤینی نادات.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و میدیای ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن کە هەفتەی داهاتوو چارەنووسی کاتانیچ ئاشکرادەبێت، ئەو راهێنەرە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پەیامێکی بۆ هاندەرانی تۆپی پێی عێراق نارد و دووپاتیکردەوە کە مەبەستی لەم پەیامە روونکردنەوەی رووداوەکانە و گوتی "دەمەوێت هەموو شتێک لای هەمووان روون و ئاشکرا بێت".

کاتانیچ لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، سوپاسی هاندەرانی عێراقی کرد بۆ ئەو خۆشەویستییەی کە لە دوایین 3 ساڵدا پێیان داوە، ئینجا گوتی "راشکاوانە و بە کورتی پێتاندەڵێم دوای چەندین مانگ کوانی مووچەکانمان؟ هەموو ئەوەی لە گرێبەستەکەدا هەیە؟ 5 بۆ 6 مانگە هیچ وەڵامێکمان دەستناکەوێت، نە کەسێک قسە دەکات و نە شتێکیش گۆڕاوە، بۆیە پێویست بوو قسە بکەم".

کاتانیچ دووپاتیکردەوە "گرێبەستی من لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەڵوەشاوەتەوە، لەبەرئەوەی رێزیان لە گرێبەستەکە نەگرت، دەمانتوانی دوای مانگێک گرێبەستەکە رابگرم، بەڵام لەبەر یاریزانەکانم ئەوەم نەکرد، ویستم ئەم قۆناخەی پاڵاوتنەکانی مۆندیال تەواوبکەم، بۆیە دووبارەی دەکەمەوە گرێبەستەکەم لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی نەدانی مووچەکانمان".

راهێنەری سلۆڤینی، لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ جەماوەی تۆپی پێی عێراق، گوتی "بێجگە لەوەی من باسی دەکەم، هەر شتێکی دیکە لە تەلەڤزیۆنەکانەوە باس بکرێت درۆیە و بڕوای پێ مەکەن".

میدیای عێراقی باس لەوە دەکات کە سریچکۆ کاتانیچ لە فیفا سکاڵای لەدژی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمارکردووە، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکەیەوە کە ماوەی 6 مانگە شایستە داراییەکانی وەرنەگرتووە، بەڵام کاتانیچ لەو پەیامەیدا بە روونی باسی ئەوەی نەکرد و تەنیا گوتی "باسڵ گۆرگیس پەیوەندی پێوەکردم و پرسیاری لێکردم کە ئایا لای فیفا سکاڵام تۆمارکردووە، منیش بۆم روونکردەوە کە ئێستا هیچ پەیوەندیم بە هەڵبژاردەی عێراقەوە نەماوە و لە داهاتووشدا هیچ گرێبەستێک نییە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کاتانیچ سوپاسی جەماوەری عێراقی کردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانەکانی خواست.

پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە کاتیچ بە رۆژنامەیەکی عێراقی راگەیاندووە "ماوەی شەش مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، بۆیە لە رێگەی فیفاوە سکاڵای یاسایی لە دژی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمار کردووە، ئەمە لە کاتێکدا یەکێتیی تۆپی پێی عێراق چەندین جار بەڵێنیان بە راهێنەری هەڵبژاردەکەیان دابوو کە شایستە داراییەکانی بۆ خەرج بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی خەرجنەکردنی  بوودجەی دەستەی کاتیی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، مووچەی شەش مانگی رابردووی راهێنەرە تەمەن 57 ساڵییەکە دواکەوتووە"

سریچکۆ کاتانیچ 40 یاری وەک راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەڕێوەبردووە.، لە کاتی راکێشانی تیروپشکی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی قەتەر بۆ هەڵبژاردەکانی ئاسیا، کاتانیچ وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئامادەی تیروپشکەکە نەبوو.










کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە