رامۆس باسی ناوبژیوان دەکات، ئایا ئەو حاڵەتە لێدانی سزابوو؟

05-07-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر

سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەی ریال مەدرید لەدوای بردنەوەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر بە یانەی ئاتلێتیک بیلباو باسی لە بردنەوەکە و ئەو حاڵەتانەشکرد کە قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ریال مەدرید لە یاریگەی سان مامێس بووە میوانی یانەی ئاتلێتیک بیلباو و یارییەکەشی بە تاکە گۆڵێکی بێ وەڵام لێبردەوە، گۆڵەکەش رامۆس لە خولەکی 71 بە لێدانی سزا تۆماریکرد.

رامۆس گوتی: گرنگ بردنەوەی یارییەکە بوو، ئەمە یەکێک بوو لە قورسترین یارییەکان، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بەردەوامبین، ئێمە لە دۆخێکی جەستەیی زۆر باشدایەن، دڵخۆشیشین بە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە.

سێرخیۆ کە خاوەنی 10  گۆڵە لەم وەرزەی لیگا گوتی: سەیردەکەین بزانین بارسا چی دەکات، بەڵام هێشتا دۆخەکە پەیوەستە بە ئەنجامەکانی ئێمەوە، دەمانەوێ نازناوەکە ببەینەوە، ئەوەش روونبوو کە سەرەتا هاتینە نێو یاریگەوە.

سەبارەت بەو حاڵەتەی کە گوایە لێدانی سزا بۆ بیلباو هەژمار نەکراوە لەسەر رامۆس، کاپتنەکەی ریال گوتی: تاکە شت کە بیری لێبکەینەوە سێ خاڵی یارییەکە بوو، من کەسێكی نموونەییم و هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم، من سووکی قاچم خستەسەر پێڵاوەکەی راول گارسیا، لەو کاتەشدا ئاوڕمدایەوە، وابزانم ئەوە بە ئەنقەست نەبوو.

دەربارەی دەستکەوتی تاکەکەسی، رامۆس دەڵێت: ژمارەی تاکەکەسی شتێکی تایبەتە، ئەوەی من دەمەوێ تەنیا یارمەتیدانی یانەکەمە بۆ بردنەوەی لالیگا، ئەوە گرنگە، ئەگەر دەستکەوتی تاکەکەسیم بویستایە دەچووم بۆخۆم یاری تێنسم دەکرد.

لە کۆتاییشدا باسی ناوبژیوانی کرد و گوتی: ئەوەی خول بەدەستدەهێنێت ناوبژیوان نییە، هیچ هۆکارێک نییە کە ناوبژیوان پشتی لایەک بگرێت، چونکە ئەوان شتێکی یەکلاکەرەوەیان نەکردووە.

ریال مەدرید جیاوازیی خاڵەکانیان لەگەڵ بارسێلۆنای دووەم بۆ حەوت خاڵ بەرزکردەوە و ئێستا خاوەنی77 خاڵن، بارساش لە پلەی دووەمە بە  70 خاڵ و ئەمشەو بەرامبەر ڤیاریال یارییان هەیە.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە