لەزاری رۆژنامە ئیسپانییەکانەوە.. دوایین زانیاری لەسەر رۆیشتنی رۆناڵدۆ

05-07-2018
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرچاوە رۆژنامەوانییە ئیسپانییەکان ئەمڕۆش بەفراوانی باسیان لە رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدریدەوە بۆ یۆڤینتۆسی ئیتاڵی کردووە.

ئەو رۆژنامانە ئاشکرایانکردووە رۆناڵدۆ بەدەستەوارەکەی یانەی یۆڤینتۆس رازیبووە کە ئامادەیە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆی بداتێ لەپێناو یاریکردن لە ریزەکانی خانمە پیرەکەدا.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید لەپێناو روونکردنەوەی هەڵوێستی رۆناڵدۆ کە نایەوێ لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت.

کەناڵی شەشی تەلەڤزیۆنی ئیسپانی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە کە ریال مەدرید بە دەستەوارەکەی یۆڤینتۆس رازیبووە کە تیێدا 100 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت لەپێناو گواستنەوەکەدا، بەڵام ئەو کەناڵە دەڵێ هەندێک سەرچاوە دووپاتیانکردووەتەوە ریال مەدرید دەیەوێ 350 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەکەدا وەربگرێت و بۆ ریگرتن لە گواستنەوەکەش خاڵی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە چالاک دەکات کە بڕەکەی یەک ملیار یۆرۆیە.

رۆژنامەی مارکا لای خۆیەوە دەڵێ رۆناڵدۆ یان روونتر تیمەکەی رۆناڵدۆ لە شاری تۆرینۆ سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤێلایەکن کە بۆ رۆناڵدۆ گونجاو بێت لەپێناو مانەوەی تێیدا.

مارکا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە رۆناڵدۆ دوا بڕیاری خۆی داوە و چیدی لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام نابێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە