ڤیدیۆ؛ کریستیانۆ ئەفسانەکەی ریال مەدریدی بردە نەسڕ

رووداو دیجیتاڵ

هەوڵەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی بەفیڕۆ نەچوون و فێرناندۆ هیێرۆی ئەفسانەی ریال مەدرید پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد و وەک بەڕێوەبەری نوێی وەرزشیی یانەکە دەست بەکاربوو.
 
هیێرۆ لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 2003 وەک بەرگریکار یاری بۆ یانەی ریال مەدرید کردووە، دواتر وەرزێکی لەگەڵ یانەی رەیان لە قەتەر بەسەربردووە، و کاروانی خۆی لە خولی نایابی ئینگلیزی لەگەڵ تانەی بۆڵتن کۆتایی پێهێنا.
 
هیێرۆ دواتر دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد، ئەویش بە وەچەرخانێکی سەرسوڕهێنەر لە بەڕێوەبەری وەرزشییەوە بۆ راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا، دوای ئەوەی تەنیا سێ رۆژ پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2018 لە رووسیا جولین لۆپێتێگی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
 
دوای 20 مانگ کارکردن وەک بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی گوادالاخارای مەکسیکی، لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوودا ئەو یانەیەی بەجێهێشت.
 
چەند رۆژێک بوو، یانەی نەسڕ بە یارمەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەوڵی دەدا هیێرۆ رازی بکات ببێتە بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە سعودییەکە و دواجار هەوڵەکانی کریستیانۆ سەرکەوتوو بوون، هیێرۆ گرێبەستی لەگەڵ نەسڕ کرد.
 
ئەو دوای ناساندنی، بە رۆژنامەڤانانی گوت "سڵاو من فێرناندۆ هیێرۆم. زۆر دڵخۆشم کە پەیوەندیم بەم یانەیەوە کردووە. ویستم سڵاو لە هەموو هەوادارانی نەسڕ بکەم. بەم زووانە دەتانبینمەوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن بەیەکەوە. سڵاو بۆ هەمووتان".