لێدوانی فەرمی مانچێستەر سیتی لەبارەی داهاتووی گواردیۆلاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

خەلدوون موبارەک، سەرۆکی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی قسە لەبارەی داهاتووی پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەکە و چەندین بابەتی جیاواز دەکات.
 
خەلدوون موبارەک، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا دەڵێت "دوای زیاتر لە 100 ساڵ لە تۆپی پێی ئینگلتەرا، هیچ یانەیەک نەیتوانیووە چوار نازناوی لەسەریەکی خولی ئینگلتەرا بباتەوە، تەنیا مانچێستەر سیتی ئەوەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت پێنجەم نازناوی پرێمەرلیگ لەسەریەک بەدەستبهێنین."
 
موبارەک زیاتر گوتی "دەزانن کەی زانیم خولەکە دەبەینەوە؟ ئەو کاتەی لە یاریگەی ئیماراتس 0-1 بە یانەی ئارسیناڵ دۆڕاین، ئەو کاتە تێگەیشتم تیپەکەمان توانای ئەوەی هەیە کاردانەوەیەکی نایابی هەبێت و نازناوی خولەکە بەدەستبهێنێت."
 
سەرۆکی پاڵەوانی ئینگلتەرا باس لە کرانە دەرەوەیان بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "لە راستیدا ئێمە لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ئەوروپا لە ماوەی 90 خولەکدا بەرامبەر هیچ یانەیەک نەدۆڕاین، بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە ریال مەدرید دۆڕاین، ئێمە لە دوایین ساتەکاندا بەرامبەر سەرکەوتووترین یانەی مێژووی چامپیۆنزلیگ کراینە دەرەوە، باش دەزانم کرانە دەرەوەمان بەرامبەر ریال مەدرید، ویستی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ وەرزی داهاتوو لە تیپەکەدا زیاتر دەکات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە 115 تۆمەتی لە پرێمەرلیگدا لەسەرە؟ خەلدوون موبارەک گوتی "ئەمە شتێکە زۆر جێگەی نیگەرانییە، بەڵام لە کۆتاییدا پرسەکە تەواو نەبووە، ئەو کاتە حکوممان بدەن کە پرسەکە تەواو دەبێت، نەک لە تۆمەتەکاندا."
 
پرسیاری داهاتووی پێپ گواردیۆلا، لە سەرۆکی یانەی مانچێستە سیتی کرا، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستی ئێستای بەردەوامدەبێت، گواردیۆلا کەسێکی زۆر پابەندە بەو کارەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی دەیکات، لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، دەبێت بگەینە باشترین چارەسەر و باشترین چارەسەر بۆ یانەکە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی باشترین بڕیار بۆ هەمووان بدەین."
 
خەلدوون موبارەک، ستایشی مانچێستەر سیتی دەکات و دەڵێت "ئێمە یانەیەکی سەرکەوتووین و بەردەوامدەبین لە سەرکەوتن، زۆر بەبەختم کە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە فیل فۆدن دەبینم تاوەکو گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، گۆمانم نەبوو لەوەی کە ئەو بەهرەمەندێکی گەورەیە، بەڵام پێویستی بە کەشێکی گونجاو هەیە لە یانەکەدا."
 
موبارەک لەبارەی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەکەوە دەڵێت "ئێرلینگ هالاند، باشترین هێرشبەری جیهانە."