کۆنتی بووە راهێنەری ناپۆلی و بەڵێنێک دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بەشێوەیەکی فەرمی، گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی راگەیاند.
 
ناپۆلی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "یانەی ناپۆلی پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ کۆنتی دەکات، بۆ ئەوەی رۆڵی راهێنەرایەتی تیپی یەکەم بگرێتە ئەستۆ، دوای ئەوەی واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی کرد کە تاوەکو 30 حوزەیرانی ساڵی 2027 دەبێت."
 
ئورێلیۆ دی لاورێنتس، سەرۆکی یانەی ناپۆلی لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرەکە دەڵێت "زۆر شانازی دەکەم کە راهێنەری نوێی یانەی ناپۆلی ئەنتۆنیۆ کۆنتییە، ئەنتۆنیۆ راهێنەرێکی باڵایە، پێشەنگێکە، دەکرێت لەگەڵیدا بونیادنانەوەی پێویست دەستپێبکات، دواین چەندین وەرز لە لووتکەی تۆپی پێی ئیتاڵیادا، ئەمڕۆ لاپەرەیەکی نوێی گرنگ لە مێژووی ناپۆلیدا دەکرێتەوە."
 
ئەنتۆنیۆ کۆنتی، دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پارتێنۆپێ گوتی "ناپۆلی شوێنێکی گرنگی جیهانییە، من دڵخۆشم و دڵخۆشم بەبیرۆکەی دانیشتن لەسەر کورسی یەدەگی شین، بەدڵنیاییەوە دەتوانم بەڵێنی یەک شت بدەم، ئەویش هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ گەشەکردنی تیپەکە و یانەکە، پابەندبوونم لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ستافەکەم دەیکەم، ئەوە کۆی گشتی هەموو شتەکان دەبێت."
 
کۆنتی تەمەنی 54 ساڵە، راهێنەرەکە ئەزموونێکی گەورەی لە کاروانی راهێنەرایەتیکردندا هەیە، لەسەر ئاستی ئیتاڵیا راهێنەرایەتیی هەریەکە لە سیێنا، باری، ئاتالانتا، یوڤێنتوس، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئینتەرمیلانی کردووە و تاقیکردنەوەی نوێی لەگەڵ ناپۆلی دەبێت.