کاساس نهێنی رەتکردنەوەی چەند دەستەوارەیەک ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "چەند دەستەوارەیەکم بەهۆی خۆشەویستیم بۆ عێراق رەتکردووەتەوە و دەمەوێت هەڵبژاردەکە بگەیێنمەوە مۆندیالی داهاتوو."
 
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت "دەستەوارەی هیچ هەڵبژاردەیەکم وەرنەگرت، تەنیا لە بەر بەرژەوەندیی عێراق، لەکاتێکدا بەندێک لە گرێبەستەکەمدا هەیە کە رێگەم دەدات لە هەڵبژاردەکە بڕۆم."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی عێراق دەڵێت "بەهۆی سۆز و خۆشەویستیم بۆ عێراق دەستەوارەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوورم رەتکردەوە، عەدنان درجال پێیگوت تۆ بەشێکی گرنگیت لە پڕۆژەیەکی گرنگ، بەشێکی یاریزانەکانیش داوای مانەوەیان لێکردم بۆیە مامەوە، بەر لە جامی ئاسیاش لە ئێران و یانەیەکی ئیسپانیا دەستەوارەم پێشکێشکرا، بەڵام رەتمکردەوە و هەموو بیرکردنەوەم لای هەڵبژاردەی عێراقە."
 
کاساس باس لە دوایین جامی ئاسیا دەکات و دەڵێت "بردنەوە لە هەڵبژاردەی ژاپۆن زۆر گەورە بوو، چونکە بردنەوە بوو لە هەڵبژاردەیەکی زۆر زەحمەت، هیچ تیپێک نییە لە جیهاندا هێرشی نەچێتە سەر و گۆڵی لێنەکرێت، تەنانەت ریال مەدریدیش، ئەمە تۆپی پێیە و هەندێکجار هەڵەی تاکەکەسی و هەندێکجاری بە کۆمەڵ روودەدەن."
 
خیسوس لەبارەی دۆڕان و کرانە دەرەوەیان لە جامی ئاسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن گوتی "پێکانی سەعد ناتق و کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن ئاراستەی یارییەکەی گۆڕی، هەموو یاریزانەکانی دیکە هێرشیاندەبرد و بیرکردنەوەیان لە یارییەکەدا لەدەستدا، قەرەبووکردنەوەی زۆر زەحمەت بوو کاتێک ئێمە بە یاریزانی کەمترەوە یارییمان دەکرد." 
 
راهێنەری عێراق لەسەر ئەو یارییە زیاتر گوتی "لە یارییەکەی بەرامبەر ئوردن پێویستیمان بە سەرکردەیەک هەبوو لەنێو یاریگە بۆ ئەوەی متمانەی یاریزانەکان بمێنێتەوە، میمی لە یارییەکەدا زۆر سەیر بوو و بە ئاسانی تۆپەکانی لەدەستدەدا."
 
لەسەر شێوازی بانگهێشتکردنی یاریزانەکان بۆ هەڵبژاردەی عێراق، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "هیچ کێشەیەکم لەگەڵ دانیلۆ، محەممەد قاسم و قوقیە نییە و دەکرێت لە داهاتوودا بانگهێشتیان بکەم، من ئەگەر ببینم یاریزانێک لە بایرن میونشن یاریی دەکات و یەکێک لە نەجەف، ئەگەر ئەوەی نەجەف ئاستی باشتربێت ئەوەی بایرن بانگهێش ناکەم و یاری بە ئەوەی نەجەف دەکەم."
 
کاساس ستایشی ئاستی بەشار رسن دەکات و دەڵێت "ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی عێراق، بەڵام هەمیشە هێرشی دەکرێتەسەر، ئەمەش نیگەرانم دەکات کە هێرشبکرێتە سەر یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، بەر لە جامی ئاسیا رەخنەی زۆر لە ئەیمەن حوسێن دەگیرا و داوام لێدەکرا دووریبخەمەوە، بەڵام دوای جامی ئاسیا لای هەمووان بۆ یاریزانێکی خۆشەویست."
 
خیسوس کاساس باس لە بەراورکردنی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی یەکەم و ئۆڵیمیپی عێراق دەکات و دەڵێت "بەراورکردنەکەی عیماد محەممەد، راهێنەری تیپی لاوانی عێراق لەگەڵ دەستکەوتەکانی هەڵبژاردەی یەکەم وەکو بەراورکردنی نێوان ئەسپ و گوێدرێژە، لە ئیسپانیا ئەگەر راهێنەری تیپی لاوان هێرشبکاتە سەر هەڵبژاردەی یەکەم راستەوخۆ دووریدەخەنەوە، لە هەموو شوێنێک هێرشدەکرێتە سەر تیپەکەی عیماد محەممەد، بەڵام من هەمیشە پشتگیریم کردووە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە عێراق چ خواردنێکی بەلاوە خۆشە، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "زۆر حەزم لە دۆڵمە و گوشتی مەڕە."
 
هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە جاکارتای پایتەختی ئیندونیزیایە و خۆی بۆ یارییەکی دیکەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال ئامادەدەکات، کە رۆژی پێنجشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا یاری دەکات.