ئەمڕۆ کەتەلۆنیا دڵخۆشە

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ میدیاکانی کەتەلۆنیا، رایانگەیاند کە دەستەی لالیگا پلانی ئابووری بارسێلۆنای قبوڵکردووە، هیواکانی هاندەرانی بارسێلۆنا و خودی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی پێشووی یانەکە زیندووبوونەوە، کە خۆی دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی بارسێلۆنا و هاندەرانی بلاوگراناش هەمان ئامانجیان هەیە.
 
بە گوێرەی میدیاکانی کەتەلۆنیا، ئەمڕۆ دەستەی لالیگا رەزامەندی لەسەر ئەو پلانە ئابوورییەی بارسا داوە، کە ماوەیەکە پێشکێشی کردووە، کە دەبێتە بنەما بۆ ئەوەی یانەکە کاری لەسەر بکات لە مێرکاتۆدا.
 
یەکێک لە ئامانجەکانی بارسێلۆنا گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی، پاڵەوانی جیهان و خاوەنی زە بێستە بۆ ریزەکانی، کە کارگێڕیی یانەکە بێ پەسەندکردنی ئەو پلانە نەیاندەتوانی هیچ هەنگاوێک لەپێناو ئەو ئامانجە بهاوێژن.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەم هەنگاوە کلیلی گەڕانەوەی مێسییە بۆ بارسێلۆنا و دەڵێن "ئەمە ئەو هەنگاوە بوو کە مێسی بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەکرد".
 
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "دواجار دەوروبەری مێسی گرەنتییەکی لە بارسێلۆناوە پێگەیشت و ئیدی دەکرێت بارسا دەستەوارەیەک پێشکێشی مێسی بکات".
 
تەنانەت میدیاکانی ئەرجەنتین نووسیویانە "مێسی هەنگاوێکی ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا". هەروەها دووپاتیشی دەکەنەوە کە مێسی دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، شاری خۆیەتی و خۆشی دەوێت، ئەگەرچی هێشتا هەست بە جۆرێک لە دڵەڕاوکێ دەکات، نەوەک نەتوانرێت ناوی تۆماربکرێت".
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی کەتەلۆنی دووپاتی دەکەنەوە، کە گەڕانەوەی مێسی بۆ بلاوگرانا هێشتا کارێکی زۆری پێویستە و دەڵێن "قبوڵکردنی پلانەکەی بارسا لە لایەن لالیگاوە بەدڵنیاییەوە گرنگترین هەنگاوە بۆ گەڕانەوە مێسی، بەڵام ئیدی پێویستە بارسا دەست بە فرۆشتنی هەندێک لە یاریزانانی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت لیۆ بگەڕێنێتەوە ریزەکانی".
 
هەرچۆنێک بێت، بڕیارەکەی لالیگا هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، بووە هۆکاری زیندووکردنەوەی هیواکان، کە دوێنێ جۆرێک لە بێهیوایی بۆ گەڕانەوەی مێسی دروست بووبوو، ئێستا مێسی و کەتەلۆنییەکان دڵخۆشن.
 
راستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، خۆرخێی باوکی مێسی و خوان لاپۆرتا کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە، باوکی لیۆ رایگەیاند، مێسی دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا. کاتێکیش لێیان پرسی، دەکرێت گەڕانەوەی لیۆ بۆ بارسا ببێتە راستی؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ".