ئەنچیلۆتی: بڕوام نەدەکرد کەریم لە ریال مەدرید بڕوات

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، نەیشاردەوە کە بڕیاری کەریم بنزیما بۆ رۆیشتن لە ریال مەدرید بۆ ئەو چاوەڕوننەکراو بووە، بەڵام دووپاتیکردەوە کە پێویستە رێز لە بڕیارەکەی بگرن. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە شوێنگرەوەیەک بۆ کەریم دەدۆزنەوە و گوتی "دڵنیابن وەرزی داهاتوو ریال مەدرید تیپێکی زۆر رکابەری دەبێت".
 
راهێنەری ریال مەدرید، لە کۆنگرەیەیکی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە رۆیشتنی بنزیما لە ریال مەدرید، گوتی "کاتێک دەتوانی راهێنەرایەتی یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان بکەی، نەک هەر هێرشبەر، بەڵکو یاریزانێکی تۆپی پێی زۆر تەواو. کەسێکی زۆر باش و زۆر خاکی و زۆر مەترسیدار، بێگومان روونە کە لە ماڵئاواییەکەیدا  ناتوانین دڵخۆش بین، بەڵام پێویستە رێز لە بڕیارەکەی بگرین". 
 
ئەو زیاتر گوتی "مافی ئەوەی هەیە کوێی بوێت هەڵیبژێرێت، من و هەموو کەسێک دەمانەوێت سوپاسی بکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم یانەیەدا کردوویەتی، کە کارێکی ئەفسانەیی بوو، شتێکی باوەڕپێنەکراو و لەبیرنەکراو بوو، کە بۆ هەمیشە لە یانەکەدا دەمێنێتەوە".
 
کارلیتۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، سەبارەت بە بنزیما، دووپاتیکردەوە کە بڕیاری رۆیشتنی لە ریال مەدرید بۆ ئەو سوپرایز بووە و گوتی "بەڵێ بڕیاری بنزیما بۆ من سوپرایز بوو، سوپرایزێکی گەورە بوو بۆ هەمووان، بەڵام دەبوو لەوە تێبگەین کە دووجار بیری لێکردووەتەوە، ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەیەک کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەم یانەیە دەستیپێکردووە، قۆناخێکی راگوزەرییە و وەرزی داهاتوو بەردەوام دەبێت. بۆیە کاتێکی تەواومان هەیە بۆ ئەوەی دووجار بیر لەوە بکەینەوە کە پێویستە چی بکەین بۆ جێگرتنەوەی بنزیما، تیپەکە وەرزی داهاتوو زۆر رکابەری دەبێت، لەوە دڵنیاتان دەکەمەوە".
 
سەبارەت بەوەی کە چیدەکەن بۆ ئەوەی شوێنی بنزیما پڕ بکەنەوە؟ ئەنچیلۆتی گوتی "باشە، ئێمە بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێین کە بتوانێت گۆڵ تۆمار بکات، بتوانێت بە باشی لەگەڵ ئەوانی دیکە یاری بکات و بتوانێت پەیوەندییەکی باشی هەبێت. ڤینیسیۆس وەرزی رابردووەوە زیاتر بوو لە پاڵەوانێک و لەم وەرزەشدا زۆر گەشەی کردووە، رۆدریگۆش بە هەمانشێوە. بۆیە پێویستمان بە هێرشبەرێکە کە بتوانێت بە باشی یاری بکات، هەروەک کەریم کردی".