دوو یاریزانی کورد هەڵبژاردەی سووریا لە مۆندیال نزیکدەکەنەوە

05-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی سووریا ئەیاز عوسمان
A+ A-

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی سووریا بووە یەکەم هەڵبژاردە بگاتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، دوای بردنەوە لە مالدیڤ، کە لەو یارییەدا دوو یاریزانی کورد بەشدارییەکی باشیان هەبوو.

هەڵبژاردەی سووریا، بە شایستەیی خۆی گەیاندە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی قەتەر، زێدەباری مسۆگەرکردنی بلیتێکی جامی ئاسیای 2023ـی چین.

ئەم دەستکەوتەی هەڵبژاردەی سووریا دوای ئەوە هات کە لە گەڕی 6ـی قۆناخی دووەمی پاڵاوتنەکاندا توانی بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی مالدیڤ بباتەوە.

لەم یارییەدا دوو یاریزانی کورد بەشێوەی سەرەکی یارییان کرد، محەممەد عەنز و ئەیاز عوسمان، کە ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد و ئەمەی دوایی لە خولەکی 33ـی یارییەکەدا بە لێدانی سزا گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی سووریا تۆمارکرد و سێ گۆڵەکەی دیکەش لە لایەن محەممەد ئەلمواسەوە لە خولەکەکانی 29، 45، 71 تۆمارکران.

محەممەد عەنز، خەڵکی حەسەکەیە و یاری بۆ یانەی وەحدەی سووری دەکات، ئەیاز عوسمانیش خەڵكی قامشلۆیە و لە خولی رۆمانیا یاری بۆ یانەی هێرمانشتاد دەکات.

هەڵبژاردەی سووریا لە کۆمەڵەی یەکەمی پاڵاوتنەکاندا، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی چین، فیلپین، دوورگەکانی مالدیڤ و گوام یاری دەکات و لە 6 یارییدا 6 سەرکەوتن و 18 خاڵی کۆکردووەتەوە، 18 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵی لێبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە