دێشامپ لێدوانێکی سەیر لەسەر گەڕاندنەوەی بنزیما بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەدات

05-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیدێ دێشامپ کەریم بنزیما
A+ A-

رووداو دیجیتال

دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بۆ یەکەمجار باسی گەڕاندنەوەی کەریم بنزیمای گۆڵکاری یانەی ریال مەدریدی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان کرد و گوتی "هەمووان دەیانویست کەریم بگەڕێتەوە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی".

دوای 6 ساڵ دوورخستنەوە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بەهۆی روودانی کێشەیەک لەنێوان خۆی و ڤالبوینای هاوڕێیدا، کەریم بنزیمای هیڕشبەری یانەی ریال مەدرید لە لایەن دێشامپەوە بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا کرایەوە بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2020.

دێشامپ لە یەکەم لێدوانیدا، لەو بارەیەوە گوتی "کەریم بنزیمام گەڕاندەوە ریزەکانی هەڵبژاردەکەمان، کاتێک دڵنیابووم لەوەی هیچ کێشەیەک دروست ناکات و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ژووری جلگۆڕینمان نابێت".

دێشامپ هەروەها گوتی "بەڕاشکاوی بنزیما لە ماوەی رابردوودا لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ هاوڕێکانی و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا یاری لەگەڵ کردوون یان لەو تیپانەی یاری بۆ کردوون، بۆیە ئەو بڕیارەمدا، چونکە دڵنیابووم لەوەی هیچ کێشەیەک لە ناو تیپەکەماندا دروست ناکات".

ئەو راهێنەرە جەختی لەوەش کردەوە کە هەمیشە بەرژەوەندی تیپەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە داناوە، رای زۆربەشیان لەگەڵ گەڕانەوەی بنزیمادا بووە، ئاماژەیان بە گرنگی گەڕانەوەی بنزیما بۆ ناو تیپی نەتەوەیی کردووە، ئەمەش وایکردووە رای زۆرینە لەبەرچاو بگرێت.

دێشامپ سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی تیپەکەیشی قسەی کرد و گوتی "یاریی یەکەمی ئامادەکارییەکانمان باش بوو، وێڵزی رکابەریش یارییەکی باشی کرد. ئێستا بەشی دووەمی ئامادەکارییەکانمان دەستپێدەکەین، کەشی نێو کەمپەکە ئەرێنییە، بەڵام دەبێت هەندێک لایەن باشتر بکەین، کە بە راهێنانەکانی دووبارە ئەوە دەکرێت".

دێشامپ داوای لە یاریزانەکان کرد هەموو یارییەکانی یۆرۆ بەجددی وەربگرن و خاو و کەمتەرخەمی نەکەن لەبەرئەوە ئەوان دیاریترین بەربژێرن بۆ بردنەوەی ئەو نازناوەیە و گوتی "پێویستە تیپەکەمان هەموو شتێک پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی بگاتە لووتکە و هەروەها دووربێت لە هەر سوپرایزێک".

راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی "جگە لە کارامەیی و توانا تاکەکەسییەکان، گرنگ دەبێت تیپەکە هێزی خۆی لە ئاستی بەکۆمەڵدا نیشان بدات، هەروەها پەرۆشی و هۆکاری و یەکلاییکردنەوەش زۆر گرنگن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە