کەشتییە شکاوەکەی هەولێر دەیەوێت لە مینای بەسرە لەنگەر بگرێت

رووداو هەولێر 

لە گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 18:00 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی مینا دەکات. 
 
یانەی هەولێر لە 7 یاریی رابردوویدا نەیتوانیووە تامی بردنەوە بکات، تیپەکە لەنێو گێژاوی ئەنجامە خراپەکان و گازاندەی هاندەرانیەتی. سێ مانگیشە یاریزانانی تیپە مووچەیان وەرنەگرتووە، کێشەکان گەیشتووەتە ئاستێک حوسێن چۆلی گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە سێ رۆژە ریزەکانی تیپەکەی جێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە. 
 
عەبدولقادر حوسێن، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "لەگەڵ ئەو دۆخە خراپە داراییەی تووشی یانەکەمان بوو، یاریی زۆر بەهێزمان ئەنجامدا و نیگەرانییەکانی زیادکرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو یاریزانەکانمان بەڵێنیانداوە کە کۆتایی بەنیگەرانی هاندەرانمان بهێنین و ئەنجامەکانمان باش بێت". 
 
وەرزی ئەمساڵ خراپترین وەرز بوو بۆ یانەی مینا، هەر لەسەرەتای وەرزی تیپەکە کەوتە بە سزایەکی قورسی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی یانەکە هەرچی گرێبەستی گرانبەهایان هەبوو لەگەڵ یاریزانان هەڵیانوەشاندەوە، ئێستا تیپەکە سزاکانی لەسەر هەستاوە و چوار یاریزانی پیشەگەری هێناوەتە ریزەکانی.
 
ناسر تەڵاع، یاریدەدەری راهێنەری یانەی مینا، بۆ رووداو گوتی "سەبارەت بە تیپەکەمان یانەی مینا بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕی بەهۆی وەرگرتنی سزای یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، ئێمە پشتمان بە ژمارەیەک یاریزانی لاو بەست و رۆژانێکی سەخت بوون، لە قۆناخی دووەم بە دڵنیاییەوە هەموو تیپەکان خۆیان بەهێز دەکەن و گۆڕانکاری روودەدات"،
 
ئەو گوتیشی " لە دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ هاتووین بۆ یاریکردن بەرامبەر یانەی هەولێر ژمارەیەک، یاریزانی پیشەگەر گەڕاونەتەوە ریزەکانمان و پێکهاتەکەمان بەهێزە و بەشێوەیەکی باش بۆ یارییەکە ئامادەین، یانەی هەولێریش بە دۆخێکی خراپ تێپەر دەبێت و دەتوانم بڵێم یاریی دوو تیپی بریندارە. پشتیوان بەخوا ئێمە هاتووین بۆ سێ خاڵی یارییەکە".
 
مینا چوار رۆژە گەشتی شاری هەولێری کردووە، بۆ ئەم یارییە تیپەکە هیچ کەموکوڕییەکی نییە و دەیەوێت سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە، یانەکەی شاری بەسرە دوایین یەکەی ئامادەکاری لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا.
 
ئیستا یانەی هەولێر لە پلەی شازدەی ریزبەندییە بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ. یانەی مینا 27 خاڵی هەیە لە پلەی سێزدەمی ریزبەندییە.