هەر یاریزانێکی ئۆڵیمپیی عێراق پارچە زەوییەک و 10 ملیۆن دینار وەردەگرێت

05-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق محەممەد شیاع سوودانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی ئایاری2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بە پارچە زەوی و پاداشتێکی بەردەوامی مانگانە خەڵات بکات.
 
نووسینگەی راگەیاندنی سودانی، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازیکرد لە شاندی تیپی تۆپی پێی ئۆڵیمپی عێراق، دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدای پایتەخت، بەبۆنەی ئەوەی بلیتێکی بۆ ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 بەدەستهێناوە، کە لە مانگی تەمموزی داهاتوو بەڕێوەدەچێت".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراقی کردووە، بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەی کە پێیوابوو ئەو دەستکەوتە رەنگدانەوەی پەرۆشی و هەستکردن بە بەرپرسارێتیی ئەوان بووە بەرامبەر گەل و وڵاتەکەیان.
 
بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەوە راسپاردووە پارچە زەوی نیشتەجێبوون وەک دیاری بە ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی بدرێت، و بە بەردەوامیش پاداشتێکی مانگانەیان پێبدرێت، ئەمەش بەپێی یاسای خەڵاتکردنی وەرزشوانان و پێشەنگەکانی ژمارە 6ـی ساڵی 2013. هەروەها هەر یەکێکیان پاداشتێک بە بری 10 ملیۆن دینار وەردەگرێت.
 
وەک نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی، ئاماژەی بۆ دەکات، رێزلێنانەکە پاڵەوانی بەرزکەرەوەی قورسایی، عەلی عەمار یوسریش دەگرێتەوە و هەمان پاداشتی یاریزانانی تۆپی پێ وەردەگرێت، کە ئەویش سەرکەوتووە بۆ ئۆڵیمپیادی پاریس.
 
بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، سوودانی لە کاتی قسەکردندا بە ئامادەبووانی گوتووە "ئەم دەستکەوتە لە سایەی هەوڵەکانتان بەدیهاتووە کە لە رێگەیەوە سەلماندتان کە شایەنی بەرپرسیارێتین. هەروەها ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ عێراق و پشتڕاستکردنەوەی ئەو راستییەیە کە عێراق شایەنی هەموو ئەو سەرکەوتنانەیە کە بەدەستیهێناون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە