ڤیدیۆ؛ مێسی مێژووی تۆمارکرد و سوارێز هاتریک

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی یارییەکی مێژوویی بەدرێسی ئینتەرمەیامییەوە ئەنجامدا و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەیەکی گەورە، بەرامبەر یانەی نیویۆرک رێدبوڵ.
 
لە رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکا، یانەی ئینتەرمەیامی لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی نیویۆرک رێدبوڵ بووەوە و یارییەکەی بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
لە یارییەکەدا لیۆنێل مێسی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە یارییەکەدا هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە و بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
 
سەرەتا لە خولەکی 30 دانتێ ڤانزێر گۆڵێکی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد و نیویۆرک رێدبوڵ پێشکەوت.
 
لە خولەکی 48 ماتیاس رۆخاس، بە ئاسیستی مێسی ئەنجامەکەی بۆ ئینتەرمەیامی یەکسانکردەوە.
 
دوای تەنیا دوو خولەک لیۆنێل مێسی گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و ئینتەرمەیامی پێشکەوت.
 
لە خولەکی 62 ماتیاس رۆخاس، هەر بە ئاسیستی مێسی، گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد.
 
دوای ئەوە لیۆنێل مێسی بە یادەوەرییەکانی سەردەمی یارییکردنی بۆ بارسێلۆنا، سێ ئاسیستی بۆ لویس سوارێز کرد و هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، ئینتەرمەیامی بووە خاوەنی شەش گۆڵ.
 
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا ئیمێل فۆرسبێرگ، گۆڵی دووەمی بۆ نیویۆرک رێدبوڵ تۆمارکرد، ئینتەرمەیامی یارییەکەی بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
مێسی لە یارییەکەدا مێژوویەکی نوێی لە خولی تۆپی پێی ئەمریکادا تۆمارکرد، کاتێک بەشداریی لە هەر 6 گۆڵی یانەکەیدا کرد، جگە لەوەش شەشەم یارییە بەدوای یەکدا یان گۆڵ دەکات یانیش ئاسیست.
 
ئێستا هەریەکە لە مێسی و سوارێز 10 گۆڵیان لەم وەرزەدا بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکردووە و یانەکەیان لە پلەی یەکەمی بەشی رۆژهەڵاتی خولەکەیە.