کاسێمیرۆ وەڵامی محەممەد سەڵاح دەداتەوە

05-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح کاسێمیرۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کاسێمیرۆ، یاریزانی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی محەممەد سەڵاحی یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەداتەوە، سەبارەت بەوەی هیوای خواست بوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ریال مەدرید یاری بکات.
 
دوای ئەوەی لیڤەرپوول لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لە ڤیاریالی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، محەممەد سەڵاح لە لێدوانێکدا رایگەیاند هیوادارە لە یاریی کۆاتییدا رووبەڕووی ریال مەدرید ببنەوە، کە هێشتا یاریی یەکلاکەرەوەی نێوان مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید ئەنجام نەدرابوو.
 
پاش ئەوەی ریال مەدرید لە مانچێستەر سیتی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی، کە بڕیارە لە 28ـی ئەم مانگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوولدا بکرێت، کاسێمیرۆ لە لێدوانێکدا وەڵامی سەڵاحی دایەوە.
 
کاسێمیرۆ لەو بارەیەوە بە میدیاکانی بەرازیلی گوت "هەر کەسێک ئەوە هەڵدەبژێرێت کە حەزی لێیە".
 
هەروەها گوتی "ئاشکرایە، کە بەداخەوە سەڵاح لە یاریی کۆتایی 2018ـی چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکان بوو، بۆیە لەوانەیە ئارەزوو بکات ئەو یارییە دووبارببێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر یارییەک چیرۆکێکی جیاوازی هەیە".
 
یاریزانی بەرازیلیی یانە ئیسپانییەکە، لە بەردەوامی وەڵامەکەی بۆ محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسریی یانەی رێدز، گوتی "لیڤەرپوول کاروانێکی گەورە و بەهێزی هەبوو تاوەکو گەیشتە یاریی کۆتایی، بۆیە پێویستە زۆر رێزیان لێبگرین، دەشزانین کە یارییەکی زۆر زەحمەت دەبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە