تۆماس توخێل: دەبێت لە ریال مەدرید ببەینەوە

رووداو دیجیتال

تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە دەبێت تیپەکەی ئەنجامی یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید لەبیربکات و یاریی گەڕانەوە بباتەوە.

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، دەبێتە میوانی یانەی چێڵسی و یارییەکە لەسەر یاریگەی ستامفۆرد برێج لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.

تۆماس توخێل، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "دەبێت ئەنجامی یاریی یەکەم لەبیر بکەین، دەمانەوێت سەرکەوین، منیش یاریزانەکان بۆ ئەمە ئامادە دەکەم، ئەنجامی یاریی یەکەم هیچ گرنگییەکی بۆ ئامادەکاری ئێمە و چۆنیەتی یارییەکەی ئەمجارەمان نییە".

راهێنەرە ئەڵمانییەکەی یانەی چێڵسی، زیاتر گوتی "ئەمە یاریی پێشکۆتاییە، گوشارێکی گەورەیە، پێویستیمان بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونێکی تەواو هەیە، ناتوانین بەبێ متمانە رووبەڕووی ریال مەدرید ببینەوە، ئەوەی ئێمە لە یاریی چوون فێربووین ئەوەیە کە مافی تەواوی خۆمانە کە لە قۆناخی پێشکۆتایی بین و نابێت لە رووبەڕووی باشترین تیپەکانی جیهان بترسین".

لەسەر ئەگەری بەشداریکردنی سێرخیۆ رامۆس لەگەڵ ریال مەدرید؟ راهێنەری یانە لەندەنییەکە رایگەیاند "ئەو سەرکردەی سەرکەوتووترین یانەی ئەوروپایە، بەڵام ناتوانین ئەوەندە بیر لەو بکەینەوە، ئەگەر یاری بکات ئێمە بۆ ئەو خۆمان ئامادە دەکەین".

توخێل تیشکی خستە سەر ئەوەش کە ماتیو کۆڤاچیچی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی کرواتی لە کاتی خۆیدا چاک نەبووەتەوە و لە یارییەکەدا ئامادە نابێت، بەڵام وەکخۆی ئاماژەی بۆ کرد، دەتوانن بۆ ئەم یارییە پشت بە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری ئەڵمانی ببەستن، کە بەهۆی پێکانێکی دەم و چاوییەوە بە دەمامکەوە یاری دەکات.