یوتیوب یارییەکانی پرێمەرلیگ دەگوازێتەوە

رووداو-هەولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە دەستپێکردنەوەی یارییەکانی پرێمەرلیگ، بڕیار و ئاسانکارییەکانی بۆ هاندەران و یاریزانان زیاتر دەبن، لە دوایین هەنگاویشدا بڕیارە چەند یارییەکی پرێمەرلیگ لە ماڵپەڕی تویتەر بگوازرێنەوە.

سەرجەم ئەو یارییانەی کە لە خولی ئینگلیزی ماون ژمارەیان 92 یارین، سەرجەمیان لەلایەن کەناڵەکانی سکای سپۆرتس و بی تی سپۆرتسەوە دەگوازرێنەوە، ماڵپەڕی یوتیوبیش چەند یارییەک لەو یارییانەی کە لە خولەکە ماون دەیانگوازێتەوە.

ئەم هەنگاوەی یوتیوب بۆ ئەوەیە کە چەند یارییەک بە خۆڕایی بۆ خەڵک بگوازنەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە خەڵک لە دەرەوەی بەریتانیا دەتوانن لە یوتیوبەوە بینەری ئەو یارییانە بن یان نا.

لە مانگی ئازاری رابردووەوە یارییەکانی پرێمەرلیگ وەستاون، نۆ گەڕ لە خولەکە ماوە و لیڤەرپوول بە جیاوازی 22 خاڵ لە پێش مان سیتییەوەیە، قسەو باس زۆرن کە خوڵەکە هەڵدەوەشێتەوە یان تەواودەکرێت، بەڵام بەپێی هەواڵەکانی ئەم دواییە بێت، یانەکان دەست بە مەشقە بە کۆمەڵەکان دەکەنەوە و لە ماوەی مانگێكدا هەموویان ئامادەدەبن بۆ یاریکردن.