بۆچی هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس سووکایەتییان بە مێسی کرد؟

بانەرەکەی هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانە، لە یاریی چوونی خولی یانە پاڵەوانەکانی کۆنکاکاف، لەلایەن هاندەرانی یانەی لۆس ئەنجلۆسەوە سووکایەتی پێکرا.
 
لە یاریی چووندا مێسی و هاوڕێکانی بەگۆڵێکی بێ بەرامبەر بە یانەی لۆس ئەنجلۆس دۆڕان و یەکلاییکردنەوە بۆ یاریی گەڕانەوە دواخرا.
 
هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس بەبەرزکردنەوەی بانەرێک گاڵتەیان بە مێسی کرد، کە وێنەی مێسییان لەسەر بانەرەکە دانابوو وەک پیرە پیاوێک دەردەکەوت و ناوی گۆڕدرا بوو بۆ "پێسی"؛ کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
مێسی لە یاریی گەڕانەوەدا باشترین ئاستی پێشکەش نەکرد، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە بۆچی هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس کاردانەوەی تووندیان بەرامبەری هەبوو؟. دەکرێت بە ئاماژەکردن بە سێ هۆکاری روون وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە:
 
1 - سەرکەوتنی ئینتەرمەیامی بۆ مۆندیالی یانەکان:
 
ئەم کارە تا راددەیەک دوژمنکارانەیە بۆ هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس، کە پێیان قبوڵ ناکرێت ئینتەرمەیامی لە 15ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمموز بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات وەک نوێنەری ئەمریکا، کە لەلایەن فیفاوە هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لەو پاڵەونێتییە گەورەیە، سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو یانەی لۆس ئەنجلۆس گالاکسی نازناوی خولی ئەمریکی بەدەستهێنا.
 
2 - پێکانە زۆرەکانی مێسی:
 
زۆر پێکرانی مێسی، کە بەهۆیەوە لەم وەرزەدا بەدەست زۆر ئامادەنەبوونەوە دەناڵێنێت؛ هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس پێیانوایە لیۆ پیربووە و بەرگەی گوشاری یارییەکان ناگرێت.
 
مێسی لەم وەرزەدا تەنیا حەوت یاری ئەنجامداوە و لە سێ یارییدا بەشداری نەکردووە، قسەی زۆریش لەسەر تەمەنی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دەکرێت، کە ئێستا تەمەنی 37 ساڵە و کاریگەرییەکانی ئەمە لەسەر ئاستی جەستەییەوە دیارە.
 
3 - قەیرانی پاسەوانەکەی لیۆ:
 
هۆکارێکی دیکەی گاڵتەکردنی هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس بە مێسی، دۆخی نالەباری یاسین چیۆکۆی پاسەوانی اتیبەتی یاریزانە ئەرجەنتینییەکەیە.
 
یاسین چەندین قەیرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەم دواییەش بە بریارێکی خولی ئەمریکی لە چونە نێو یاریگا قەدەخە کرا، قەیرانێک کە کاریگەری بەسەر خودی مێسیدا هەیە، بۆیە هاندەرانی لۆس ئەنجلۆس ئەو دۆخەیان قۆستەوە بۆ گەڵتەکردن بە لیۆنێل میسی، خاوەنی 8 باڵۆن دۆر.