ئەمڕۆ ئەرکی ریال مەدرید و بارسێلۆنا زەحمەتە

رووداو دیجیتاڵ
بەئامانجی درێژەدان بەئەنجامە باشەکانی و بەهێزکردنی پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر یانەی ریال بێتیس یاری دەکات. بەر لەو یارییەش ریال مەدرید میوانداریی ڤالێنسیا دەکات.
ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی یانەی بارسێلۆنا بدات، کاتێک ئەمڕۆ ئێوارە بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاری دەکات.
لۆس بلانکۆس لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاری دەکات، یانەکە لە یارییەکی ماندووکەر و بێزارکەرەوە هاتووە، بەڵام ورەی بەرزە، دوای ئەوەی لە ریال سۆسیدادی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ فێرلان مێندی، ئیدێر میلیتاو و دانی کارڤاخاڵ ئامادەنین، تیبۆ کۆرتوا چاکبووەتەوە، بەڵام زەحمەتە یاری بکات و میدیای ئیسپانیا دەڵێت "فران گۆنزالێس، گۆڵپارێزی سێیەم بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات".
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئەمڕۆ جود بێلینگهام یەدەگ دەبێت و چاوەڕواندەکرێت ئاردا گولەر و لوکا مۆدریچ بەشێوەی سەرەکی یاری بکەن.
ریال مەدرید سێ خاڵ لە بارسێلۆناوە دوورە و دەیەوێت لە رکابەریکردن دوورنەکەوێتەوە، ڤالێنسیا لە پلەی شازدەیەمە و رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکات.
ئەمشەو لە بارسێلۆناش، یانەی بلاوگرانای پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ریال بێتیس یاری دەکات.
یاریزانانی بارسا بەورەیەکی بەرزەوە ئەم یارییە دەکەن، دوای ئەوەی لە ئاتلێتیکۆ مەدریدیان بردەوە و گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە، بەتایبەت کە لە دوایین 7 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا یانەی ریال بێتیس هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لەنێو ئەو 7 یارییەدا یارییەکی لە ریال مەدرید بردووەتەوە و دەیەوێت بەرامبەر بارساش ئەوە بکات.
لە قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا، بارسێلۆنا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ریال بێتیسی بردەوە و تیپەکە دەیەوێت ئەو ئەنجامە باشە دووبارە بکاتەوە، جگە لەوەش یانەکە لە دوایین 7 یارییدا بەرامبەر بێتیس هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
بارسێلۆنا 21 یارییە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاوە و ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.