ئەمڕۆ چارەنووسی سەمیر بابۆ یەکلایی دەبێتەوە

سەمیر بابۆ
رووداو هەولێر 

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە دەستەی کاتیی کارگێڕیی یانەی هەولێر لەسەر پرسی دەستلەکارکێشانەوەی سەمیر بابۆ کۆبوونەوە ئەنجام بدات و پرسەکە یەکلایی بکاتەوە. 
 
دوای ئەوەی لە گەڕی بیست و شەشی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا بە یانەی قاسم دۆڕا، دوای یارییەکە یەکسەر سەمیر بابۆی راهێنەری یانەی هەولێر دەستیلەکارکێشایەوە و چووە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانی و ماڵئاوایی لێکردن. 
 
دوای بڕیارەکەی، سەمیر بابۆ لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو، رایگەیاند "پێم شەرمە باسی هەموو شتێک بکەم، لەڕاستیدا کێشەکان ئەوەندە زۆر بوون نەمدەتوانی کاری خۆم بەتەواوی بکەم و من سەرقاڵی ئەوە بووم یاریزانەکان لە ململانێی کەسانێکی نێو کارگێڕیی بپارێزم و خەمێکی دیکەشم ئەوە بوو کە چۆن پارە بۆ مووچەی یاریزانەکان پەیدا بکەم، بەشێوەیەک چوار مانگ خۆم چووم داوای پارەم لە بەرپرسانی ئەو شارە کردووە، لەگەڵ رێزم قەت بۆخۆم ناچمە سەردانی بەرپرسان، بەڵام بۆ دابینکردنی مووچەی یاریزانان لە دەیان دەرگام داوە". 
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی گواردیۆلاکەی کوردستان دەنگۆی هێنانی ئەحمەد سەڵاح، وەک راهێنەری نوێی یانەی هەولێر بڵاوبووەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی دیسکی وەرزشی رووداو دەرکەوت کە ئەو دەنگۆانە دوورن لە راستی. 
 
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ رووداو گوتی "ئێمە هەروا بەئاسانی دەستبەرداری کاپتن سەمیر بابۆ نابین، لەگەڵ تیپەکە ماندووبووە و کەسێکی باشە بۆ سەرکردایەتی، لەسەر ئەو پرسە کۆدەبینەوە و بانگهێشتی دەکەین و قسەی لەگەڵ دەکەین، بەهیواین لە کارەکەی بەردەوام بێت". 
 
یانەی هەولێر دوای چوارەم شکستی لەسەر یەک بەکۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی چواردەی ریزبەندیی خولی ئەستیرەکانی عێراقە.