ڤیدیۆ؛ شێری کوردی یەکەمی ئەڵمانیا و ئەورووپایە

05-04-2025
ئیحسان تاهیر
بادین ئیدریس حەسۆ
بادین ئیدریس حەسۆ
نیشانەکردن بادین ئیدریس حەسۆ بۆکسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بادین ئیدریس حەسۆ، گەنجێکی کوردی ئێزدی، تەمەن 31 ساڵانە، بۆکسێنەرێکی بەتوانایە و لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەورووپا لەو یارییەدا یەکەمە.
 
دوای ئەوەی لە ئەورووپا بووە یەکەم، ئێستا لە ئەمریکاش یاری دەکات و راهێنەرێکی ئەمریکی مەشقی پێدەکات.
 
بادین لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ئەڵمانیا و نیشتەجێی شاری ئۆبێرهاوزن بووە، ئەو لە تەمەنی 9 ساڵیدا بۆ یەکەمجار دەستەوانەی بۆکسینگی بەدەستەوە گرت و زوو تێگەیشت کە توانایەکی بەرچاوی لەو وەرزشەدا هەیە.
 
بادین لەسەرەتادا خۆی هەوڵی فێربوونی دا، بەڵام خێزانەکەی زوو لەوە تێگەیشتن کە توانایەکی بێ هاوتای لەو یارییەدا هەیە و هەوڵیاندا یارمەتی بدەن و وەک پاڵەوانێکی بۆکسینگ زوو پێبگەینن. 
 
بادین کە بە "شێری کوردی" ناسراوە، بەناوی کوردستانەوە بەشداری لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا دەکات. ئەو 20 یاریی پرۆفیشناڵی ئەنجامداوە و سێیانیان لە ئەمریکا بوونە و لە هەرسێکیاندا براوە بووە.
 
ئەو بە رووداوی گوت "من بە 'شێری کوردی' ناسراوم. لە هەموو یارییەکاندا بەناوی کوردستانەوە بەشدار دەبم، راستە من لە ئەڵمانیا و ئەمریکا پێگەیشتووم، بەڵام بۆ وڵاتەکەم یاری دەکەم". 
 
بادین زیاتر گوتی "تاوەکو ئێستا 20 یارییم کردووە و هەمووانم بردووتەوە، لەوانەش 10 یاریم بە لێدانی کوشندە، واتا بەر لە تەواوبوونی کاتی یارییەکە یەکلاییکردووەتەوە".
 
ئەو پاڵەوانە کوردە، کە ئێستا بەسەردان لە شاریایە لە دهۆک، لە سەر ئاستی ئەڵمانیا بەشداری لە 107 یارییدا کردووە و لە هەموواندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستا یەکەمە لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و هەموو ئەورووپا.
 

بادین لە هاوینی 2015 نازناوی پاڵەوانی بوکس پڕۆفیشناڵی ئەڵمانیای بەدەستهێناوە و لە لە ئایاری 2016 بووەتە پاڵەوانی ئەوروپا، کە لەو کاتەوە، بادین بەرەو پێشڤەچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئەڵمانیا، مەکسیک و ئەمریکاش بەشداری لە چەندین یارییدا کردووە.
 
ئەو بە رووداوی گوت "من بوومەتە پاڵەوانی ئەڵمانیا و پاڵەوانی ئەورووپاش، دەمەوێ بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهانیش بکەم و ناوی کوردستان بگەینمە لووتکە".
 
بادین حەسۆ پێشتر لە تەمەنی بچووکدا چەندجارێک لەسەر ئاستی بەرزدا بەنوێنەرایەتی ئەڵمانیا یاری کردووە لە یارییەکانى ئەماتۆری. ئەو 68 بردن، 5 شکست و یەکسانبوونێکی هەبوو، پێش ئەوەی لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە ساڵی 2014 بگەڕێتەوە بوارى پڕۆفیشناڵی.
 
ئامانجی بادین ئەوەیە لەسەر ئاستی جیهان ریکۆردی جیهانی تۆماربکات و ببێتە یەکەمی جیهان لە رووی کۆکردنەوەی زۆرترین خاڵ لەو یارییەدا، کە وەک خۆی دەڵێت "ئامادەیە بۆ یاری و پاڵەوانێتییەکانی دهاتوو".
 
بادین لە 1994 لە شێخانی باشووری کوردستان لەدایکبووە، یەکێک بوو لە هەشت منداڵی خێزانەکەی. باوکی هەرزوو چووەتە نێو بواری سیاسەت و لە هەوڵی رزگاربوون لە داگیرکاریی رژێمی سەدام بڕیارداوە خێزانەکەی بباتە ئەڵمانیا و لە ئۆبێرهاوزن نیشتەجێ بوونە. لەوێ بادین بەشداربووە لە دامەزراندنی یەکەی پێشمه‌رگەی ژنانى ئێزیدی، کە لە ساڵی 2015 دروستکرا بوو بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە هێرشەکانی داعش.
 
بادین ئێستا لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەمریکا (لاس ڤێگاس، نیڤادا) وەک بۆکسێنەرێکی بەتوانا ناسراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهاندا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە