لێدوانی چاڤی لەسەر کلاسیکۆ

رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە ریال مەدرید لە تیپەکەی ئەو نزیکترە بۆ بردنەوەی کلاسیکۆ. بەڵام گوتیشی "دەبێت توانای خۆمان نیشان بدەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شکستیان پێبهێنین. ئێمە لە یاریگەی خۆمان و لەبەردەم هاندەرانمان یاری دەکەین".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری یانەی ریال مەدرید دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی بلیتی دوووەمی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، کە لە یاریی چووندا بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا باسی لەوە کرد کە تەنیا بیر لە یارییەکە دەکەنەوە و هیچ پرسێکی دیکە کاریان لێناکات، گوتی "ئێمە باس لە یوفا و نێگرێرا و تێباس ناکەین، سەرنجمان تەنیا لەسەر تۆپی پێیە، کلاسیکۆمان هەیە لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شا".
 
ئەو هەروەها گوتی "بۆ ئێمە گرنگە بزانین کە ئێمە لە سێ یاری رابردوودا لێیانمان بردووەتەوە، بۆیە ئەوان بەو پاڵنەرەوە دێنە ئێرە بۆ گەڕان بەدوای تۆڵەسەندنەوە. دەبێت توانای خۆمان نیشان بدەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شکستیان پێبهێنین. ئێمە لە یاریگەی خۆمان و لەبەردەم هاندەرانمان یاری دەکەین". 
 
چاڤی پەسنی ریال مەدریدی دا و گوتی "ریال مەدرید توانای ئەوەی هەیە لە ئێمە بباتەوە، ئێمەش دەتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین، پێموایە یارییەکی هاوسەنگ دەبێت، ئەگەر من بەهێزترین بەربژێر هەڵبژێرم، دەڵێم ریال مەدرید، ئەوان بە بوونی ئەزموونێکی باشتر، زیاتر راهاتوون لەسەر ئەنجامدانی ئەم جۆرە یارییانە. ئەوان راهاتوون لەسەر گۆڕینی ئەنجامە نەرێنییەکان. دەبێت ئاگادار بین. پێموایە ئەوان بەربژێرن بۆ بردنەوە".
 
راهێنەری بلاوگرانا، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "چاوەڕوانی یارییەکی زۆر قورس دەکەم، ریال مەدرید ئەسپێکی براوەیە، هەمیشە یاریکردن بەرامبەریان قورسە، بەڵێ بەرامبەر بنزیما، ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ و ڤاڵڤێردی، یاریزانی ئاست بەرزیان لە پێکهاتەکەیاندا هەیە. کەواتە یارییەکی زۆر قورس دەبێت، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆنترۆڵکردنی یارییەکە، بۆ ئەوەی خاوەنی تۆپەکە بین، با بزانین چی روودەدات".