ڤیدیۆ; فرانکفورت گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتراخت فرانکفورت سەرکەوت بۆ قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیا، دوای ئەوەی توانی لەنێو یاریگای خۆیدا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، لە یونیون بەرلینی میوانی بباتەوە.
 
هەرچەندە فرانکفورت دوایین بردنەوەی لە بۆندسلیگادا بۆ هەژدەی مانگی شوباتی رابردوو دەگەڕێتەوە، کە 2-0 لە ڤیردێربرێمەنی بردبووە، بەڵام لەم یارییەدا بە ئاستێکی بەرز یاریکرد و تەنیا 11 خولەکی پێویستبوو، بۆ ئەوەی لە رێگەی راندال کۆلۆ مونایەوە گۆڵی پێشکەتن تۆماربکات، دوای ئەوەی پاسێکی نایابی لە ماریۆ گۆتزێوە پێگەیشت.
 
دوای تەنیا دوو خولەک، کۆلۆ مونای بینی کە لێنارت گریلی گۆڵپارێزی یونیون بەرلین لە گۆڵەکەیدا نییە، بۆیە زۆر بە جوانی و لێهاتووییەوە لە دەرەوەی هێڵی سزاوە تۆپەکەی بەسەر گۆڵپارێزەکەدا بەرزکردەوە و چووە نێو تۆڕی گۆڵەکەی.
 
رافایل بورێ، لە خولەکی 20 گۆڵی سێیەمی فرانکفورتی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، بە پاساوی ئۆفساید رەتیکردەوە و ئەنجامی یارییەکە تاوەکو فیکەی کۆتایی یارییەکە وەکخۆی مایەوە و فرانکفورت 2 بە هیچ یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیا، یانەکەی بەرلینی پایتەختیش بۆ ماڵەوە گەڕایەوە.