راهێنەرێکی بەنێوبانگ بۆ وەرگرتنی یانەی چێڵسی بەڕێگەوەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی هەوڵەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ راهێنەرێکی بەنێوبانگ دەستپێکردووە و چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن "راهێنەرەکە ئەمڕۆ چووەتە لەندەن."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا و ئینگلتەرا، بە ئەگەری زۆرەوە راهێنەری داهاتووی یانەی چێڵسی دوای دوورخستنەوەی گراهام پۆتەر، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە، لویس ئێنریکی، راهێنەری بەنێوبانگی ئیسپانی دەبێت.
 
رۆژنامەی ئێندیپێندێنتی بەریتانی دەڵێت "ئێنریکی چووەتە لەندەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە بکات و بە وردەکارییەوە لەسەر پڕۆژەی یانەکە قسەبکەن."
 
جگە لە ئێنریکی یولیان ناگێلسمان و برێندان رۆجەرزیش بەربژێرن بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەکە، بەڵام ئێنریکی نزیکترین بەربژێرە.
 
بەپێی میدیای بەریتانیا، لویس ئێنریکی بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی چەند مەرجێکی هەیە، یەکێک لە مەرجەکانیشی گواستنەوەی یاریزانێکی کوالێتی بەرزە بۆ چەقی هێرشبەری کە تایبەتمەندیی زۆری هەبێت، لەگەڵ یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی ناوەڕاستی یاریگە بکات.
 
جگە لەوەش راهێنەرەکە دەیەوێت لیستی ژمارەی یاریزانەکانی کەمبکاتەوە، کە هەمیشە ئێنریکی یەکێک بووە لەو راهێنەرانەی کە دەیەوێت بە یاریزانی کەمترەوە تیپەکانی بەڕێوەببات.
 
لویس ئێنریکی، تەمەنی 52 ساڵە، وەک راهێنەر لە یانەکانی تیپی دووەمی بارسێلۆنا، رۆما، سێلتا ڤیگۆ، بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا کاریکردووە و ئێستا دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.