بارسێلۆنا و ریال مەدرید ئامادەن بۆ بردنەوەی کلاسیکۆ

05-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای سێ کلاسیکۆ، کە لە هەموویاندا بارسێلۆنا براوە بووە و ریال مەدرید دۆڕاوە، ئەمشەو کلاسیکۆیەکی دیکە لەنیو کامپ نودا بەڕێوەدەچێت، کە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیایە و براوەکەی دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە. کە لە یاریی چووندا بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
لەم راپۆرتەدا، تیشک دەخەینە سەر رەوشی هەردوو یانە و چەندێتی ئامادەییان بۆ بردنەوەی یارییەکە:
 
بارسێلۆنا
 
دوای نزیکبوونەوەی زیاتر و زیاتر لە نازناوی لالیگا و رۆح لێبڕنی رکابەرییەکانی ئەمساڵی پاڵەوانێتییەکە. بارسێلۆنا پێویستە لەسەری چاوی لە سێیەم نازناوی ئەمساڵ بێت و تا دوا ساتیش لەپێناویدا بجەنگێت.
 
بارسا کە وەرزەکەی بە سوپەری ئیسپانیا دەستپێکردووە و دەتوانین بڵێین لالیگاشی خستووەتە سەر، ئێستا پێویستە جامی شاش هەندێکی دیکە لە ئامێزی خۆی نزیکبکاتەوە کاتێک لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتاییدا میوانداری ریال مەدرید دەکات.
 
بارسێلۆنا بۆ کلاسیکۆکەی ئەمشەو، دەکرێ ئیلهام لە ئەنجامی سێ کلاسیکۆی پێشتر وەربگرێت کە تێیاندا شکستی یەک لە دوای یەکی رووبەڕووی ریال مەدرید کردووەتەوە و هەموو جارێکیش خۆی وەک گرێیەکی ئاڵۆز و نەکراوە، پێشانی ریال مەدرید داوە.
 
جیا لەوانە، ئەنجامی یاریی چوون لە هەمان قۆناخی جامی شادا کە لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهاتووە.. ئەوەندەی دیکە رێگەی بلاوگرانای بەرەو بەردەوامبوون لە جامەکەدا خۆشکردووە و بەرگرییە پتەوەکەی ئەو تیپە لە یارییەکانی رابردوودا، دەتوانێ بارسا بگەیەنێتە یاریی کۆتایی جامەکە.
 
بارسێلۆنا لەوانەیە بۆ کلاسیکۆکەی ئەمشەو، کێشەی لە یارینەکردنی هەندێک یاریزانی کاریگەردا هەبێت کە بەدڵنیاییەوە هەریەکە لە پێدری، دێمبلی و کریستنسن بەشداریی ناکەن.. ئەو سێ یاریزانە بۆ ئێستای تیپەکە کاریگەرترینیان کریستنسنە و پێشتر پێکهاتەکەی بەردەستی چاڤی خۆی لەگەڵ پێکرانی دێمبلی و پێدریدا گونجاندووە. بارسا مەترسی ئەوەشی لەسەرە دی یۆنگ، لە یارییەکەدا بەشداری نەکات.
 
بارسا چۆن یاریدەکات و چاڤی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کلاسیکۆیەدا دەکات؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە هەمووان سەوداسەرن بەشوێن وەڵامەکەیدا، بەتایبەت کە نهێنی سەرکەوتنەکانی بارسا لە کلاسیکۆکانی رابردوودا، ئەنجامی مامەڵەی وردی چاڤی هێرناندێز و خوێندنەوەی بۆ تواناکانی تیپەکەی بووە، چونکە هەموو کلاسیکۆیەک و چاڤی سوپرایزێک بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی و ریال مەدرید دەکات.
 
دوا یاریی کلاسیکۆ لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا کە لەسەر هەمان یاریگەی کامپ نو بەڕێوەچوو، بارسا، بەپێچەوانەی ریتمی باوی ئەمساڵییەوە، هەرزوو هێرشبەرانە هاتە نێو یاریگەوە و ریال مەدریدی خستە ژێر گوشارەوە، ئەمجارە مامەڵەکە چۆن دەبێت؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە هاندەرانی یانەکە بەشوێن وەڵامەکەیدا وێڵن.
 
چاڤی و بارسا، ئەگەر جارێکی دیکە وێستگەی ریال مەدرید بەسەرکەوتوویی ببڕن، جیا لەوەی دووپات لەقووڵبوونەوەی گرێی دەروونییان بەرامبەر یانەکە دەکەنەوە، ئەوەش بۆ هاندەرەکانیان دووپاتدەکەنەوە کە بارودۆخی دەرەوەی تیپەکە هەرچییەک بێت، ئەوان ناچنە ژێرباری و بردنەوە بە دەرمانی هەموو دەردێک دەزانن. 
 
ریال مەدرید
 
بە ترسی سێ کلاسیکۆی پێشووەوە، هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێی سەردانێکی دیکەی پاڵەوانی ئەوروپا دەکەن بۆ یاریگەی کامپ نو، ئەو یاریگەیەی چەند هەفتەیەک لەمەوپێش تێیدا دووچاری شکستێکی دیکە بوون و بەهۆیەوە ئیدی بە بارسێلۆنایان گوت، فەرموو نازناوی ئەمساڵی لالیگا بۆ تۆ.
 
کلاسیکۆی ئەمشەو، دەکرێ بۆ ریال مەدرید، ئاڵنگاریی گەورەی ناوبانگی تێدا بێت.. هەمووان سەریان لەوە سووڕماوە چۆن تیپێک هەمووی چەند مانگێک لەمەوپێش تەڕ و وشکی ئەوروپای سووتاندبێت و هەرچی زەبەلاحی کیشوەرەکەیە ریمۆنتادای بەسەردا کردبێت و لە هەمووانی بردبێتەوە، ئێستا بارسای لێبووەتە گرێکوێرە و پێی ناکرێتەوە.
 
خەریکە لە دڵی هاندەرانی ریالدا ئەو قسەیە دەبێتە راستی کە دەڵێ هەموو دونیا لە ریال مەدرید دەترسێت و ریال مەدریدیش لە بارسێلۆنا.. کەس ناتوانێ لێکدانەوەیەکی لۆژیکی بۆ ئەو دۆخە بدۆزێتەوە کە لە چەند کلاسیکۆی رابردوودا ریال مەدریدی تێکەوتووە بەرامبەر بارسێلۆنا.
 
لە شکست لە جامی سوپەرەوە بۆ شکست لە کلاسیکۆی چوونی پێشکۆتایی جامی شا و پەڕینەوە بۆ شکست لە لالیگادا، هەمووانی خستووەتە بەردەم ئەو پرسیارەی ئەوەی روودەدات چییە؟ رەوایە تیپێک کە پاڵەوانی لالیگایە، نەتوانێ لە رکابەرە راستەوخۆکەی بباتەوە؟ رەوایە راهێنەرێک کە لە چوار یانەی جیاواز چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، نەتوانێ سەرکەوتن بەسەر راهێنەرێکدا بەدەست بهێنێ کە تەنیا دوو وەرزە لەسەر ئاستی ئەوروپا راهێنەرایەتی دەکات؟
 
کلاسیکۆی ئەمجارە، بۆ ریال مەدرید دەبێ بەرگری بێت لەو دروشمەی کە پێیوایە مێرەنگێ گەورەی دونیایە.. دەبێ هەوڵێک بێت بۆ ساڕێژکردنی ئەو برینانەی ئەمساڵ چەند جارێک بەدەستی بارسا کراونەتە جەستەی مەدریدەوە و هاندەرانی ئەو یانەیەیان بە خەمی قووڵ سپاردووە.
 
کلاسیکۆی ئەمجارە بۆ ریال مەدرید، پێویستە کلاسیکۆی راگرتنی شکست و نسکۆ یەک لە دوای یەکەکانی یانەکە بێت بەرامبەر بارسێلۆنایەک لە قۆناخی هەڵسانەوە و خۆ دروستکردنەوەدایە و سەقامگیر نییە.. هاندەرانی ریال پێیانوایە کلاسیکۆکەی ئەمشەو، دەبێ ئەو یارییە بێت کە ئەمجارە کارلۆ ئەنچیلۆتی، تێیدا سوپرایز بۆ بارسێلۆنا دەکات نەک بەپێچەوانەوە.
 
ریال مەدرید وەک راهێنەرەکەی گوتوویەتی بۆ یارییەکە ئامادەیە و تەنیا بردنەوەی دەوێت.. بەڵام گەیشتن بەبردنەوە و نەگەیشتن پێی، دەکرێ خاڵی وەرچەرخانی زۆر لە تیپەکەدا دروست بکەن.. بەدەستنەهێنانی بردنەوە واتای بەردەوامبوونی شکستی میستەر کارلۆ بەرامبەر چاڤی، واتای لەدەستدانی نازناوێکی دیکەی ئەمساڵ و قووڵبوونەوەی ئەو هەستەی کە وا دەکات، مەدریدییەکان لە بەرامبەر کەتەلۆنیادا، خۆیان دەستەپاچە ببینن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە