ڤیدیۆ؛ ئۆساسونا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئۆساسونا بە یەکسانبوون لەگەڵ بلباو خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا و چاوەڕێی براوەی یاریی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی لەسەر نازناوەکە.
 
ئۆساسونا بلیتێکی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتاییدا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباوی میوانداری بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوو.
 
ئۆساسونا بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەو پێیەی لە یاریی چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئاتلێتیک بیلباوی بردبووەوە.
 
لە یارییەکی ماراسۆنیدا، یانەکەی باسک لە کاتی یاساییدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە لە خولەکی 33ـدا لە رێگەی ئینیاکی ویلیامزەوە تۆمارکرا، بەڵام لەبەرئەوەی یاری چوونیش بەهەمان ئەنجام لە بەرژەوەندی ئۆساسونادا تەواو بووبوو، ناوبژیوان پەنای بردە بەر دوو گێمی زیادکراو.
 
نیوەی یەکەمی زیادکرا و بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بەڵام لە نیوەی دووەمی زیادکراودا، پابلۆ ئیبانێز لە خولەکی 116 توانی بە گۆڵێکی یەکلاکەرەوە تۆڕی ئاتلێتیک بیلباوی یانەی خاوەن یاریگە بهەژێنێت و ئەنجامی یارییەکە یەکسان بکاتەوە و لە ئەنجامدا بلیتی یاریی کۆتایی بووە بەشی ئۆساسونا.
 
ئەمشەو لەسەر یاریگەی کامپ نو، بارسێلۆنا میوانداری ریال مەدرید دەکات و یەکێکیان بلیتی دووەمی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەدەستدەهێنیت، کە لە یاریی چووندا بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتینی بەدەستهێناوە.