سیمیۆنی: جێژ لە یاریی مانچێستەر سیتی وەردەگرم

رووداو دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێیکۆ مەدرید، رایگەیاند چێژ لە یاریی مانچێستەر سیتی وەردەگرێت، گوتیشی "هەوڵدەدەین یارییەکە ببەینە ئەو شوێنەی کە پێمانوایە لەوێ دەتوانین ئازاریان پێبگەینین".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی ئیتحاد دەبێتە میوانی یانەی مانچێستەر سیتی.
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێیکۆ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "ئەوەی زیاتر خۆشم دەوێت لەو تیپانەی باش یاری دەکەن، ئەوەیە کە بە بەردەوامی هەوڵدەدەن تۆپ بەدەستبێننەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "سەیری ستێرلینگ و بێرناردۆ بکەن کاتێک تۆپ لەدەستدەدەن ناوەستن و بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی تۆپەکە، بەڕاستی چێژ لە یاریکردنی ئەو یانەیە وەردەگرم".
 
سیمیۆنی لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "هەوڵدەدەین یارییەکە ببەینە ئەو شوێنەی کە پێمانوایە لەوێ دەتوانین ئازاریان پێبگەینین،  بەپشتبەستن بەو شێوازی یاریکردنەی کە چەند ساڵێکە لەسەری راهاتووین".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەی یانە مەدریدییەکە، زیاتر پەسنی یانەی مانچێستەر سیتی دا و گوتی "مانچێستەر سیتی خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی جیاوازە، ئەوان باشترینن، ساڵی رابردوو ئەوان لەگەڵ بایرن میونشن بەربژێر بوون بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، بەڵام چێڵسی دەرکەوت و نازناوەکەی بردەوە، کە کەم بوون ئەوانەی باوەڕیان دەکرد".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئاتلێتیکۆ مەدرید و مانچێستەر سیتی دوو تیپی تەواون، یارییەکەمان یاریی یاریزانانی تۆپی پێ دەبێت، من دڵخۆش دەبم کە دەبینم مانچێستەر سیتی یاری دەکات".
 
هەروەها گوتیشی "مانچێستەر سیتی زۆر سیفەتی جیاوازی هەیە، تیپێکی زۆر خێرایە، بەڵام هەردووکمان لە باشترین هەشت یانەکەی ئەوروپان و هەردووکمان هەوڵ بۆ بردنەوە دەدەین".