گواردیۆلا: نابێت یەک مەتر رووبەر بدەینە یاریزانانی سیمیۆنی

05-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دووپاتیکردەوە کە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید تیپێکی بەهێزە و دەبێت بە پلانێکی باش یاری بەرامبەری بکەن و گوتیشی "نابێت یەک مەتر رووبەریان بدەینێ".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی ئیتحاد دەبێتە میوانی یانەی مانچێستەر سیتی.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنەمەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "لەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووبوونەوەی هەر تیپێک زەحمەت دەبێت، هەر تیپێک شێوازێکی دیاریکراوی یاریکردنی هەیە، تۆ تەنیا پێویستە خۆت بگونجێنی".
 
پێپ دووپاتیکردەوە "ئاتلێتیکۆ مەدرید زیاتر لەوەی خەڵکی بیری لێدەکەنەوە بە پلانی هێرشبردن یاری دەکات، ئەوان تەنیا نایانەوێت سەرکێشی بکەن، نابێت هیچ رووبەرێکیان بدەینێ تەنانەت مەترێکیش، بەرگری دەکەین کاتێک پێویستیمان پێیەتی، هێرش دەبەین کاتێک پێویست بێت، دەبێت بوێر بین و عاقڵانە بڕیار بکەینەوە".
 
ئەو هەروەها گوتی "من زۆر بیردەکەمەوە، بۆیە ئەنجامی باش بەدەستدێنم، حەزدەکەم زیادەڕۆیی بکەم لە بیرکردنەوە و تاکتیکی گەمژانە بەرهەم بهێنم، ئەمڕۆ دەمەوێت بیرۆکەکانم کۆبکەمەوە و سبەی پلانێکی تەواو نوێ جێبەجێبکەم، لەوانەیە بە 12 یاریزان یاری بکەین".
 
راهێنەری ئیسپانیی یانە ئینگلیزییەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "ئەگەر لەم یارییانەدا ئاستێکی باش پێشکێش نەکەی واتا تۆ لە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکە دەبی، من زۆر دڵخۆشم کە هەموو وەرزێک لێرەم، ئێمە لە مانگی چوار و پێنج رکابەری لەسەر نازناوەکان دەکەین، واتا ئێمە ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە