پاڵپشتییەکی گەورە بۆ لویس ڤان خال لە دژی شێرپەنجە
رووداو دیجیتاڵ
دوای تووشبوونی لویس ڤان خال، راهێنەری هۆڵەندا بە شێرپەنجە بەشێکی زۆری وەرزشوانان لەسەر ئاستی جیهان پاڵپشتی ئەو راهێنەرە دەکەن.
راهێنەرە هۆڵەندییە 70 ساڵەکە، مێژووییەکی دوور و درێژی لە ئەزموونی راهێنەرایەتیدا هەیە، بۆیە تووشبوونی ئەو بە شێرپەنجەی پرۆستات کاردانەوەی زۆری دروستکرد، بەڵام ئەو سوورە لەسەر کارکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا و بەشداریکردن لە مۆندیالی 2022.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا وێنەیەکی ڤان خال و دڵێکی پرتەقاڵیی وەک پاڵپشتییەک بۆ راهێنەرەکە دانا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا پاڵپشتی راهێنەرەکە دەکات و دەڵێت " لە جیاتی تۆپی پێی ئەوروپا، هیوای تەندروستییەکی باش بۆ ڤان خال دەخوازین، هەموومان لەگەڵتین لویس."
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پاڵپشتی ئەو راهێنەرە دەکات و هیوای تەندروستییەکی باشی بۆ دەخوازێت.
لەسەر ئاستی یانەکان یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کە پێشتر ڤان خال راهێنەری بووە نووسیوویەتی، هەموومان دەزانین هێزی تۆ چەندە، هیوای تەندروستییەکی باش و خێرات بۆ دەخوازین."
لەلایەن خۆیەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پاڵپشتی لە راهێنەرەکە دەکات و دەڵێت " یانەکەمان هەموو هەست و سۆزەکانی بۆ راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەنێرێت، ئەو هێزەی هەمیشە پێشانیدەدات یارمەتیدەدات بۆ ئەوەی بەسەر ئەم نەهامەتییەدا سەربکەوێت."
چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا وێنەیەکی خۆی و ڤان خالی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی " هێزێکی زۆر بەرێز، سوپاس بۆ هەموو شتێک و باوەشێکی گەرم بۆ تۆ."
مارکۆس راشفۆرد نووسیوویەتی " یەکەم دەرکەوتنی من لەگەڵ ڤان خال بووە، ئەوە هەمیشە لە یادەوەری مندا دەمێنێت، تۆ دەتوانیت شەڕی ئەمە بکەیت و هەموومان لە پشتی تۆین."