ڤیدیۆ؛ بۆچی یاریی ڤالێنسیا و کادیز 24 خولەک راگیرا؟

رووداو دیجیتال 

یاری کادیز و ڤالێنسیا، لە گەڕی 29ـی لالیگادا، رووداوێکی چاوەڕواننەکراو و بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، کە کەمجار ئەوە له تۆپی پێی ئیسپانیادا روودەدات.

لە خولەکی 36 پێکدادانێک لە نێوان مختار دیاخابیی یاریزانی ڤالێنسیا و خوان كالای یاریزانی کادیز روویدا و دواتر بەهۆی رەگەزپەرستی یارییەکە راگیرا، دوای ئەوەی دیاخابی بە ناوبژیوانی یارییەکەی گوت "یاریزانی ژمارە 16ـی کادیز پێیگوتم رەشی پیس"، کە مەبەستی خوان كالا بوو.

دوای گفتوگۆیەکی گەرم لەنێوان یاریزانان و ناوبژیواندا، سەرجەم یاریزانانی ڤالێنسیا بڕیاریاندا یاریگاکە جێبهێڵێن، وەک وەڵامێک بۆ ئەو رەگەزپەرستییەی دژی هاوڕێ رەشپێستەکەیان کرا.

پاش چەند خولەکێک لە وەستانەکە، ڤالێنسیا گەڕایەوە نێو یاریگە، بەڵام بەبێ دیاخابی دەستیپێکردەوە، کە ئەو یاریزانە رەتیکردەوە یاری بکات و هوگۆ گویامۆن لە شوێنی ئەو هاتە نێو یاریگە، هەروەها کادیزیش کالای دانیشاند و لە شوێنی ئەودا مارکۆس ماورۆی ناردە نێو یاریگە.

ڤالێنسیا لەو بارەیەوە راگەیاندراوێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردەوە کە یاریزانەکانی لەپێناو بەرگریکردن لە لۆگۆی ڤاڵێنسیا گەڕاونەتەوە نێو یاریگە، بەڵام بە هەموو شێوەکان سەرکۆنەی رەگەزپەرستی دەکەن.

یانەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دیاخابی خۆی داوای لە هاوکارەکانی کردووە بگەڕێنەوە نێو گۆڕەپانەکە بۆ تەواوکردنی یارییەکە، کە بە سەرکەوتنی کادیز بە ئەنجامی 2 - 1 کۆتاییهات و دیاخابیش لەسەر پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یارییەکەی دەکرد.