یاریزانەکانی فیۆرێنتینا لە کۆرۆنا دەربازیان بوو

 

یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی رایگەیاند، سەرجەم یاریزانەکانی کە تووشی کۆرۆنا بووبوون، چاک بوونەوە.

یانەی فیۆرێنتینا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "دوای وەرگرتنی چارەسەر، هەریەکە لە پاتریک کۆترۆنی، جێرمان پێزێلا و دۆسان ڤاهۆلۆڤیچ، لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەوە"

هەروەها لە بەیاننامەکەی یانە ئیتاڵییەکەدا هاتووە "لەم دۆخە سەختەی کە ئیتاڵیا و جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەپێویستی دەزانین سوپاس و ستایشی پزیشکەکان بکەین، کە بە بەردەوامی چارەسەری نەخۆشخانەکان دەکەن و بەبێ گوێدانە ماندووبوون، سەرقاڵی چارەسەر و چاودێری دۆخی تووشبووانن، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "یانەی فیۆرێنتینا بەهاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی کاریگی و سانتا ماریا نۆڤا، لە هەڵمەتێکدا بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری، توانیمان بە بەهای 760 هەزار یۆرۆ کۆبکەینەوە بۆ کڕینی پێداویستی و دەرمان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

بەشێوەی فەرمی تاوەکو ئێستا 13 یاریزانی خولی ئیتاڵی رایانگەیاندووە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.