یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا باس لە ناسینی کورد دەکات


شكودران موستافی، بەرگریكاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ڤاڵنسیای ئیسپانی، لە چاوپێکەوتنێکی هەفتەنامەی رووداوی وەرزشیدا ئاشکرایدەکات ئەو ئەڵمانی نییە و لە بنەڕەتدا خەڵكی ئەلبانیایە، دایك و باوكی ئەلبانین.

شكودران وەک خۆی دەڵێ بۆیە رووی لە خولی ئیسپانی کردووە تا لەگەڵ ئەستێرە بەناوبانگەكانی جیهان یاری بكات و بیسەلمێنێت شایەنی ئەوەیە لە یانەیەكی گەورە و خولێكی گەورەدا یاری بكات.

موستافی کە پیشتر لە خولی ئیتاڵی یارییکردووە لە بەراوردی نێوان ئەو دوو خولەدا دەڵێ: هەر خولێكی تۆپی پێ جیاوازییەكی خۆی هەیە، لە خولی ئیتاڵیادا خێرایی زۆر رۆڵی خۆی نابینێت، بەڵام لەوێ‌ فێرە تەكتیك بووم، بەڵام لە خولی ئیسپانیا خێرایی و تەكتیك لە ئاستێكی بەرزدان. هەروەها لەبارەی هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێكی سەرەكی لە ریزەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا گوتی"  من یاریزانێكم هەنگاو بە هەنگاو برەو بە تواناكانم دەدەم، نابێ‌ زۆر بیر لە ئایندەم بكەمەوە، چونكە ئەوكات خۆم لەبیردەچێتەوە و لە كاتی یاریكردنیشمدا دەردەكەوێت شایەنی ئەوەم ببمە یاریزانی سەرەكی یان نا.

لەبارەی ئەو ساتەوەختەی كە تیایدا بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کرا بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی 2014ی بەرازیل، شكودران دەڵێ" ئەوكاتە بۆمن سوپرایزێكی گەورەبوو، بە تایبەتیش كە ماركۆ ریۆس تووشی پێكان بوو، ئەو هێرشبەرە، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم یاریزانێكی بەرگریكار ببردرێتە شوێنی هێرشبەرێک. بۆ من جێگەی شانازی بوو كە یواكیم لۆفی راهێنەر متمانەی ئەوەی پێدام لەگەڵ هەڵبژاردەی مانشافت بەشداری ئەو بۆنە گەورەیە بكەم.

موستافی زانیاری زۆری لەسەر كورد و كوردستان هەیە و  دەڵێ"  من زۆر بە باشی كورد و كوردستان دەناسم و زانیاریشم لەسەریان زۆرە، ئەو دەڵێت من لە شارێك گەورە بوومە زۆر كوردی لێیە، كە شاری هامبۆرگە. ئەو كاتەی لە قوتابخانەی ناوخۆیی تۆپی پێ بووم لە هامبۆرگ زۆر برادەری كوردم هەبوو، پێكەوە یاریمان دەكرد و باسی كورد و كوردستانیان بۆ دەكردم.

موستافی لەبارەی ئەوەی کام یانە خەونی ئەوە رۆژێک لە رۆژان یاریی بۆبکات گووتی" وەك خەون هیچ یانەیەكم نەكردووەتە خەونی خۆم، راستە زۆر یانەی گەورە هەن كە خاوەنی زۆر دەستكەوتن، بەڵام هێشتا هیچ یەكێكیانم هەڵنەبژاردووە.

موستافی سەرسامی خۆی بە زێنەدین زێدانی فرەنسی دەربڕی و پێیوایە ئەفسانەی مێژووی تۆپی پێی جیهان هەر زێدان و هەر زێدانە.

سەبارەت بەوەی ئاخۆ مێسی لە رۆناڵدۆ باشترە یاخود بەپێچەوانەوە موستافی دەڵێ"  ئەمە پرسیارێكی زەحمەتە، ناتوانم بڵێم كامیان باشترە، هەر یەكێكیان تایبەتمەندی خۆی هەیە. بۆیە ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.