خولی ئەستێرەکانی عێراق.. دهۆک لە زاخۆیە و زاخۆ لە کەربەلا
رووداو دیجیتاڵ
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێ یانەی کوردستان یارییان هەیە، دهۆک لە زاخۆیە و زاخۆ لە کەربەلا.
لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ، یانەی دهۆک میوانداریی یانەی کارەبا دەکات، یارییەکە بەهۆی سزادانی یانەی دهۆکەوە گواستراوەتە یاریگەی زاخۆ و هاندەران دەتوانن لە یاریگەدا ئامادەبن و پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.
دهۆک لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەی مینا دۆڕا، بەڵام چوار یارییە لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە یانەی زاخۆ، بە باشترین ورەوە چووەتە کەربەلا و کاژێر 17:00 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کەربەلا یاریی دەکات.
یانەی زاخۆ سێیەمی ریزبەندیی خولی عێراقە، یانەکە بە کاتیکی زێڕیندا تێدەپەڕێت و سوورپۆشەکانی زاخۆ لە 7 یاریی رابردووی سەرجەم خولەکاندا هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە.
جگە لەوەش عەلی کازم، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ باشترین گۆڵپارێزی ئەم وەرزەی خولەکەیە و لە 6 یاریی رابردوودا لە خول و جامی عێراقدا، یانەکە هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
دوایین یاریی ئەمشەوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز کاژێر 19:30 بەرامبەر یانەی نەجەف یاریی دەکات، محەممەد سامی، هێرشبەر و کاپتنە کوردەکەی نەورۆز بۆ یارییەکە ئامادەیە، یانەیەکی کوردستان رووبەڕووی تیپەکەی سەرهەنگ موحسین دەبێتەوە.
نەورۆز بەر لەم یارییە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە و یانەی نەجەف لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، 11 یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامداوە، تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە بەگشتی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکاندا 6 بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێناوە.