ڤیدیۆ؛ ئەمشەو کلاسیکۆیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای تەنیا چوار رۆژ لە دۆڕانیان لە کلاسیکۆی خولی سعودیدا، جارێکی دیکە یانەی ئیتیحاد دەچێتەوە یاریگەی کینگدەم ئارێنا و جارێکی دیکە دەبێتەوە میوانی یانەی هیلال، بەڵام ئەمجارە لەسەر ئاستی سعودیە نا، لەسەر ئاستی ئاسیا.
 
ئەمشەو لە یاریی چوونی رکابەرییەکانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، جارێکی دیکە هەردوو یانەی هیلال و ئیتیحاد، چاوی هاندەرانیان دەبەنەوە سەر یاریگە قەشەنگەکەی هیلال لە ریاز.
 
هیلال لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئاسیا لە کۆی 30 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە چامپیۆنزلیگدا 7 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتنەوە بە یاریی کۆتایی ئەو پاڵەوانێتییە نزیکببێتەوە کە وەرزی رابردوو لە یاریی کۆتاییدا تێیدا دۆڕا.
 
چوار رۆژ لەمەوبەر شین پۆشەکان لە یاریگەی خۆیاندا سێ گۆڵیان لە ئیتیحاد کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، گۆڵکاری یەکەمی یانەکە یاریی نەکرد، بۆ ئەم یارییە میترۆ و هەموو ئەستێرەکانی دیکەی تیپەکەی خۆرخی جیسوس ئامادەن و دەیانەوێت لە یاریگەی خۆیاندا هەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی دەستپێبکەن.
 
هەرچی یانەی ئیتیحادە، ئەمجارەش هاوشێوەی یاریی رابردوو لە تواناکانی کەریم بنزیما بێبەش دەبێت، هێرشبەرە فەرەنسییەکە تووشی پێکانبووە و بۆ ئەم یارییەش ئامادەنییە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا مارسێلۆ گایاردۆ، نایەوێت لە ماوەی یەک هەفتەدا دوو یاری بە هیلال بدۆڕێنێت و تووڕەیی هاندەرانی زیاتر بکات، بۆیەش جگە لە بردنەوە بژاردەیەکی دیکە ئیتیحادییەکان دڵخۆش ناکات.
 
پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودی، ئەم وەرزە لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین و لە بردنەوەی نازناوەکە دوورە، لەسەر ئاستی ئاسیا نایەوێت کاروانەکەی کۆتاییبێت و ئەوەی لە ناوخۆ پێی ناکرێت دەیەوێت لەسەر ئاستی کیشوەری بیکات، بەڵام بۆ ئەوە دەبێت هیلالی هاونیشتمانی تێبپەڕێنێت.
 
یارییەکەی ئەمشەو یاریی چوونە و رۆژی 12ـی ئەم مانگە بۆ جاری سێیەم لە چەند رۆژێکی کەمدا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و لە یاریگەی جەوهرە ئەو تیپە یەکلادەکرێتەوە کە دەگاتە قۆناخی داهاتوو.