بارسێلۆنا بیر لە کارێکی سەرشێتانە دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، باس لە هەنگاوێکی سەرشێتانە دەکەن، گوایە یانە کەتەلۆنییەکە بیر لە فرۆشتنی ئەستێرە گەنجەکەی پێدری دەکاتەوە.
 
لە یاریی گەڕی 27ـی لالیگادا، لەنێوان ئاتلێتیک بیلباو و بارسێلۆنادا، پێدری جارێکی دیکە تووشی پێکان بووەوە و ئەگەر هەیە ماوەیەکی زۆر دووربکەوێتەوە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی کەتەلۆنی، دەڵێن "نیگەرانییەکی زۆر لە یانەکەدا هەیە سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی پێدری، کەسیش بوێری ئەوەی نییە بڵێت کەی دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن، کە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی مانگ و نیوێک دووربکەوێتەوە".
 
خاڤی میگێل، میدیاکاری ئیسپانی، لەو بارەیەوە دەڵێت "یانەکە نیگەرانە لە بارودۆخی پێدری، بەو پێیەی لە سێ وەرزی رابردوودا بەشداری لە نزیکەی 50%ـی یارییەکاندا نەکردووە، یانەکە درک بەوە دەکات کە ئەم دۆخە ناکرێت بەردەوام بێت و دەبێت چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە". 
 
ئەو زیاتر دەڵێت "ئێستا هەموو سیناریۆکان لەسەر مێزەکەن و ناتوانرێت هیچ شتێک رەتبکرێتەوە. تەنانەت بەرپرسانی یانەکە بیر لە فرۆشتنیشی لە هاویندا دەکەنەوە".
 
میگێل زیاتر دەڵێت "فرۆشتنی پێدری لە هاویندا ئەگەرێکی پێشبینی نەکراو نییە، ئێستا بیر لە هەموو سیناریۆکان دەکرێتەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێکانی یاریزانەکە".
 
هەموو ئەو پزیشکانەی شەوی رابردوو لە رادیۆی ئیسپانیا باسیان لە پێکانەکەی پێدری کرد، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێدری بەهۆی ژمارەی ئەو یارییانەی کە لە وەرزی 2020ـ2021 ئەنجامی دان تووشی ئەو هەموو پێکانانە دەبێت. 
 
لە لایەکی دیکەوە هەندێک لەوانەی نزیکن لە یانەی بارسێلۆنا، دەڵێن "پێدری نەشتەرگەری بۆ ناکرێت، چونکە پێکانەکەی ماسوولکەییە و پێویستی بە نەشتەرگەری نییە".
 
هەروەها دەڵێن "یاریزانەکە چارەسەری خۆپارێزی بۆ دەکرێت، بەبێ هیچ گوشارێک، بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەی چاکبوونەوە. بەپێی پێشبینییەکان یاریزانەکە بەهۆی ئەم پێکانەوە ماوەی مانگ و نیوێک دوردەکەوێتەوە".
 
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "پرۆسەی چاکبوونەوەی پێدری لە بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت، و ئامادە نییە بۆ چارەسەری لە بارسێلۆنا بچێتە دەرەوە".