پیکێ بۆ لاپۆرتا: بەسە درۆ لەگەڵ هاندەرانتان مەکەن

05-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیرارد پیکێ خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیرارد پیکێ، کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، پەیامێکی تووندی بۆ ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە نارد، کە خوان لاپۆرتا سەرۆکایەتی دەکات، لە ژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخەی کە بلاوگرانا پێیدا تێدەپەڕێت.
 
لەم وەرزەدا بارسێلۆنا نازناوی جامی سوپەر و جامی ئیسپانیای لەدەستداوە و لە پلەی سێیەمی لالیگادایە و بە 8 خاڵ لەدوای ریال مەدریدی پێشەنگەوەیە. لە چامپیۆنزلیگیشدا لە یاریی چوونی قۆناخی شانزدەدا بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ ناپۆلی یەکسانبووە و یاریی گەڕانەوە لەسەر یاریگەی خۆیدا ئەنجام دەدات.
 
پیکێ لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "ئەوەی خەڵکی بارسێلۆنا دەیەوێت ئەوەیە کە حەزدەکەن راستییەکان بزانن و رووبەڕوویان ببنەوە، ئەگەر ئەمە واقیع بێت، دەبێت ئەوە بڵێین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی تۆ ناتوانی بیکەیت ئەوەیە کە وەهمێک بفرۆشیت و بڵێیت ئێمە چامپیۆنزلیگ دەبەینەوە، هەرچەندە پارەت نییە بۆ رکابەریکردن".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆنا دەڵێت "من دۆخی ئێستای یانەکە نازانم، پێدەچێت زۆر باش نەبێت، بەڵام پێموایە ئەوەی ئەندامەکانی یانەکە دەیانەوێت ئەوەیە راستییەکانیان بۆ بڵێن بۆ ئەوەی رووبەڕوویان ببنەوە و بابەتەکە قبوڵ بکەن".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، پیکێ دەڵێت "ئەگەر یانەکە بەڕاستی یەک سەنتی نەبێت، چی دەکەیت، گرێبەست لەگەڵ هالاند دەکەیت؟! بەڕاستی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، بەڵام چۆن دەتوانیت ئەوە بکەیت؟".
 
روونیشی کردەوە "ئێستا ئەوە ناڵێم، چونکە دەنگۆیە، بەڵام هەمیشە دەبێت راستییەکان بڵێیت سەبارەت بەو شتانەی کە روودەدەن، ئەندامانی یانەکە هەمیشە لە دۆخە سەختەکاندا لەگەڵیدا وەستاون".
 
پیکێ لە کۆتاییدا دەڵێت "دەبێت پەیامەکە ئەوە بێت کە متمانەمان بە یاریزانانی لاماسیا هەیە، ئەوانیش کەسانی باش و زۆر بەهرەمەندن، ئەوان زۆر کاردەکەن و هەوڵدەدەین رکابەری بکەین بۆ بردنەوەی لالیگا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە