تێن هاگ: کە رۆناڵدۆ رۆیشت پێڵوی چاویشم نەلەرزی

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری هۆڵەندیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی لە یانەکەیان هیچ کاریگەرییەکی خراپی بەسەریانەوە نەبووە. 
 
وەک بیرهاتنەوەیەک لەسەر رووداوی دوورخستنەوەی دۆن لە پێکهاتەی سەرەکی لە لایەن تێن هاگەوە بۆ یارییەکەی لیڤەرپوول لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی ئینگلیزی، ئەو راهێنەرە هۆڵەندییە دووپاتیکردەوە کە رۆیستنی رۆناڵدۆ هیچ کاریگەرییەکی بەسەریانەوە نەبووە.
 
مانچێستەر یونایتد، ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕی 26ـی پرێمەرلیگدا، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد دەبێتە میوانی لیڤەرپوول.
 
یونایتد یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەدا بەرامبەر لیڤەرپوول بوو بە ئەنجامی 2-1 دوای دوو شکست بەرامبەر برایتن و برێنتفۆرد، لەو کاتەشدا رۆناڵدۆ تەنیا لە دوایی 4 خولەکدا بەرامبەر رێدز بەشداری کرد.
 
تێن هاگ لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە دوای ئەوەی رۆناڵدۆ لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا قەڵای ئۆڵدترافۆردی جێهێشتووە، پێڵوی چاوی نەلەرزاندووە.
 
پرسیار لە تێن هاگ کرا، ئایا مانچێستەر یونایتد ئەوکات ناڕێکخراویی لە پێکهاتەکەیدا هەبووە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ نابێت درۆ لەو بارەیەوە بکەم، یاریزانە گەورەکان حەزیان لە رێکخستنە، نەک تەنیا لە یاریگادا، بۆیە پێویستە یاساکانت دابنێیتەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو سیستمێکدا کاتێک یاساکانی رێکخستن نامێنن و کەمتەرخەمی و ئاسانکاری دەکەی، بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ ئاژاوە، ئەوەش رەنگدانەوەی بەسەر گۆڕەپانی یاریگەدا دەبێت. 
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکە زیاتر لەبارەی رۆیشتنی رۆناڵدۆوە دەڵێت "هۆکارەکانی خۆم هەبوو، درکم بە دەرئەنجامەکانی کرد، تەنانەت ئەگەر ئەنجامێکی نەرێنیشم بەدەستهێنابووایە، هەستم بە دڵەڕاوکێ نەدەکرد، لەم جۆرە شەوانەدا بە باشی دەخەوم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "دەبێت بڕیارەکانم لە بەرژەوەندی یانەکەدا بدەم، بۆیە پێویستە رووبەڕووی لێکەوت و کاریگەرییەکانی بڕیارەکانم ببمەوە".