ڤیدیۆ؛ لە نێو داروپەردووی بوومەلەرزەوە بۆ باوەشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشوازیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە منداڵێکی سوری کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و منداڵەکەش لەبارەی چاوپێکەوتنەکەیان قسەدەکات.
 
رەبیع شاهین، منداڵێکی سورییە، لە بوومەلەرزەکەی 6ـی مانگی رابردوو کە باکوور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند زۆر ترسا و بەشێکی خزم و نزیکەکانیشی بوونەتە قوربانی، دوای بوومەلەرزەکەش ڤیدیۆییەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و داوای بینینی رۆناڵدۆی دەکرد.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی منداڵە سوورییەکە، تورکی ئەلشێخ، سەرۆکی دەستەی خۆشگوزەرانی سعودییە، ڤیدیۆیەکە دەبینێت و لە ڤیدیۆیەکدا لە تویتەر دەڵێت " بەدوای منداڵەکەدا دەگەڕێم، بۆ ئەوەی خەونەکەی بکەمە راستی."
 
چەند رۆژێکی کەم دوای تویتەکەی تورکی ئەلشێخ، منداڵەکە دۆزرایەوە و بردرایە یاریگەی مەرسول پارکی تایبەت بە یانەی نەسڕی سعودی و پێش بەڕێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و باتن منداڵەکە چووە لای کریستیانۆ رۆناڵدۆ و باوەشی بە یاریزانەکەدا کرد و پێیگوت خۆشم دەوێیت، دوای ئەوەش لەسەر شێوازی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ئاهەنگی گێڕا.
 
رەبیع شاهین بۆ یەکەمجار لە بارەی بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ قسەدەکات و دەڵێت " کاتێک رۆناڵدۆم بینی وامزانی خەونە، بڕوام نەدەکرد راستی بێت، نەمدەزانی ئەم خەونە کەی کۆتاییدێت و نزام دەکرد کە خەون نەبێت."
 
منداڵە سورییەکە زیاتر گوتی " هەمووان دەیانەوێت رۆناڵدۆ ببینن، ئەو مرۆڤێکی زۆرباش و خۆشەویستە."
 
دوای ئەوەی رۆناڵدۆ پێشوازیی لە منداڵە سورییەکە کرد، تورکی ئەلشێخ، لە تویتێکدا ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و گوتی " دڵخۆشی تۆ دڵخۆشی منە، خوای گەورە پەروەردگارم، پاشا و سەرکردەی ئیلهامبەخش و شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیران و گەلی بەرێزی سعودیە بپارێزێت و سوپاس بۆ ئەستێرەی گەورەی جیهانی."
 
ڤیدیۆی یەکدی بینینی منداڵە سورییەکە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ستایشی زۆری کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرا، کە چاوی بەو منداڵە کەوتووە و بووەتە هۆکارێک بۆ دڵخۆشکردنی، لەکاتێکدا بوومەلەرزە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر منداڵەکە بەجێهێشتبوو.