ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ بە سوودوەرگرتن لە 2 کارتی سوور سەرکەوتنی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی پۆرتۆ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە چاڤێز بردەوە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە رکابەریکردنی بێنفیکای یەکەمی ریزبەندیی خولی نایابی پۆرتوگاڵ.
 
لە گەڕی بیست و سێی خولی نایابی پۆرتوگالدا، یانەی پۆرتۆ بووە میوانی یانەی چاڤێز  و توانی لێیباتەوە، دوای ئەوەی دوو یاریزانی چاڤێز بە کارتی سوور دەرکران.
 
یانەی میوان لە سەرەتاوە زاڵ بوو بەسەر یارییەکەدا و لە خولەکی 15 بە گۆڵێکی دۆنی لاودێر پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی چل و سێی یارییەکەدا، ئۆتاڤیۆ گلایدز ئەنجامی یارییەکەی بۆ پۆرتۆ دوو هێندە لێکرد و یانەکە بە 2 گۆڵی بێبەرامبەر چووە پشووی نێوان دوو گێمی یارییەکە.
 
لە سەرەتای گێمی دووەمدا ناوبژیوان لێدانێکی سزای لە بەرژەوەندی چاڤێز هەژمارکرد و ستیڤن دی سۆزا ڤیتۆریا بە سەرکەوتووی جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی کردە 1-2.
 
چاڤێز هەوڵیدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام ناوبژیوان لە خولەکەکانی 71 و 87ـدا دوو یاریزانی بە کارتی سوور دەرکرد، کە هەریەک لە برۆنۆ لانگا و جواو میندێز بوون. ئەمەش یارمەتی پۆرتۆی دا بۆ ئەوەی لە دوایین خولەکدا تۆنی مارتینێز گۆڵی سێیەم و بردنەوە بۆ یانەکەی تۆماربکات.
 
بەم سەرکەوتنە پۆرتۆ ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 54 خاڵ، کە بە جیاوازی 8 خاڵ لە دوای بێنفیکای پێشەنگ دێت، لە کاتێکدا چاڤێز پلەی 13ـی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە و 26 خاڵی هەیە.